محه‌ممه‌د نه‌دیمی‌

خه‌ڵکی: “زیویه‌”ی‌ کامیاران

له‌ دایکبووی : تاران 1974

کاتی شه‌هیدبوون : 2009.08.21

شۆێنی شه‌هیدبوون : دووئاو

شۆێنی گڵکۆ : …

چۆنیه‌تیی شه‌هیدبوون : ده‌رگیری

پله‌ی ته‌شکیلاتی : کادر
.

راگه‌یاندراو
شه‌هید بوونی‌ دوو تێکۆشه‌ری‌ دیموکرات له‌ ناوچه‌ی‌ مه‌ریوان
به‌ ئاگاداریی‌ میدیاکان، خه‌ڵکی‌ خه‌باتگێڕی‌ کوردستان و سه‌رجه‌م ئۆگران و دڵسۆزانی‌حیزبی‌ دیموکراتی‌ کوردستان و بزووتنه‌وه‌ی‌ حه‌قخوازانه‌ی‌ گه‌لی‌ کورد له‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ کوردستانی‌ ده‌گه‌یه‌نین که‌ به‌ داخه‌وه‌ دوو تێکۆشه‌ری‌ دیموکرات له‌ ناوچه‌ی‌ مه‌ریوان له‌ تێکهه‌ڵچوون له‌گه‌ڵ‌ به‌کرێگیراوانی‌ کۆماری‌ ئیسلامیدا گیانیان له‌ده‌ست داوه‌.
شه‌وی‌ هه‌ینی‌ له‌سه‌ر شه‌ممه‌، 30ی‌ گه‌لاوێژی‌ 1388(21ی‌ ئاگۆستی‌2009)، دوو رۆڵه‌ی‌ قاره‌مانی‌ دیموکرات به‌ ناوه‌کانی‌ بێهرووز ره‌زانژاد و محه‌ممه‌د نه‌دیمی‌ له‌ شوێنێک به‌ ناوی‌ “دووئاو” له‌ نێوان ئاوایی‌یه‌کانی‌ مازیبن و ده‌گاگای‌ ناوچه‌ی‌ مه‌ریوان ده‌که‌ونه‌ که‌مینی‌ یه‌گانی‌ ویژه‌ی‌ سوپای‌ پاسداران و جاشه‌کانی‌ پایگه‌لان و به‌توندی‌ ده‌درێنه‌به‌ر ده‌سڕێژ. به‌ هۆی‌ ده‌سڕێژی‌ هێزه‌کانی‌ رێژیمه‌وه‌، به‌داخه‌وه‌ هه‌ردووکیان شه‌هید ده‌بن و دواتر ته‌رمه‌کانیان بۆ پادگانی‌ ئیمام عه‌لیی‌ شاری‌ سنه‌ راده‌گوێزرێ‌.
هاوڕێیان محه‌ممه‌د نه‌دیمی‌ و بێهرووز ره‌زانژاد ماوه‌یه‌ک بوو بۆ کاری‌ سیاسی‌ و ته‌شکیلاتی‌ له‌ ناوچه‌کانی‌ کامیاران و مه‌ریوان بوون. هه‌ر له‌م ماوه‌یه‌دا دووجاری‌ دیکه‌ که‌وتبوونه‌ بۆسه‌ی‌ به‌کرێگیراوانی‌ رێژیمه‌وه‌ که‌ خێرا وه‌ده‌ست هاتبوون و خۆیان له‌ که‌مین ده‌رباز کردبوو. سه‌رئه‌نجام شه‌وی‌ 30 گه‌لاوێژ جارێکی‌ دیکه‌ که‌وتنه‌وه‌ که‌مین و ئه‌مجاره‌یان به‌ داخه‌وه‌ شه‌هید بوون.
تێکۆشه‌ری‌ دیموکرات بیهرووز ره‌زانژاد، ساڵی‌ 1978 له‌ گوندی‌ پایگه‌لانی‌ ناوچه‌ی‌ ژاوه‌رۆی‌ مه‌ریوان له‌ دایک ببوو، تا پۆلی‌ 3ی‌ ناوه‌ندی‌ ده‌رسی‌ خوێندبوو و پاشان رووی‌ کردبووه‌ کارو کاسبی‌ و له‌ تاران و شاره‌کانی‌ دیکه‌ی‌ ئێران خه‌ریکی‌ په‌یداکردنی‌ بژیو بۆ بنه‌ماڵه‌که‌ی‌ ده‌بوو. هاوڕێ‌ بێهرووز ساڵی‌ 1997 له‌ ته‌مه‌نی‌ 20 ساڵی‌دا هاته‌ ریزی‌ پێشمه‌رگه‌کانی‌ حیزبی‌ دیموکرات و، وه‌ک پێشمه‌رگه‌ له‌ هێزی‌ پارێزگاری‌، له‌ بنکه‌ی‌ رادیۆی‌ ده‌نگی‌ کوردستان به‌وپه‌وڕی‌ دڵسۆزی‌ و رێکوپێکییه‌وه‌ ئه‌رکی‌ پێشمه‌رگایه‌تیی‌ به‌ڕێوه‌ برد. له‌ ساڵی‌ 2003ه‌وه‌ش له‌ ناوه‌ندی‌ 1ی‌ کوردستان به‌رپرسایه‌تیی‌ له‌ بواری‌ ماڵی‌ و ته‌داروکاتیی‌ دا گرته‌ ئه‌ستۆ و به‌ لێوه‌شاوه‌یی‌یه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ی‌ برد. بیهرووز ره‌زانژاد بۆ به‌ڕێوه‌بردنی‌ کار و مه‌ئموورییه‌تی‌ سیاسی‌ و ته‌شکیلاتی‌ له‌ قووڵایی‌ ناوچه‌کانی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ کوردستان دا، هه‌موو کات ئاماده‌ بوو و له‌م ساڵانه‌ی‌ دواییدا وێڕای‌ هاوڕێیانی‌، چالاکانه‌ له‌ چه‌ند گه‌شت و مه‌ئموورییه‌تی‌ سیاسی‌ و ته‌شکیلاتی‌ له‌ ناوچه‌کانی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ کوردستاندا به‌شدار بوو.
هاوڕێ‌ محه‌ممه‌د نه‌دیمی‌، خه‌ڵکی‌ ئاوایی‌ “زیویه‌”ی‌ کامیاران، ساڵی‌ 1974 له‌ تاران له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌کی‌ فه‌رهه‌نگی‌دا هاتبووه‌ سه‌ر دنیا. خوێندنی‌ تا قۆناغی‌ ده‌بیرستان درێژه‌دا. ساڵی‌ 1993 بۆ یه‌که‌م جار پێوه‌ندیی‌ به‌ حیزبی‌ دیموکراتی‌ کوردستانه‌وه‌ گرت. ساڵی‌ 1996 له‌کاتی‌ تێکۆشانی‌ حیزبی‌ و جێبه‌جێ‌ کردنی‌ ئه‌رکه‌کانیدا له‌ لایه‌ن ده‌زگای‌ سه‌رکوت و جاسووسیی‌ کۆماری‌ ئیسلامییه‌وه‌ له‌نێو شاری‌ کامیاران، گیرا و دوای‌ موحاکه‌مه‌ له‌لایه‌ن بێدادگای‌ رێژیم به‌ 4 ساڵ‌ زیندان مه‌حکووم کرا. ساڵی‌ 2000 دوای‌ ئازادبوون له‌ زیندان جارێکی‌ دیکه‌ پێوه‌ندیی‌ به‌ ته‌شکیلاتی‌ حیزبی‌ دیموکراتی‌ کوردستانه‌وه‌ گرت و سه‌رله‌نوێ‌ ئه‌رکی‌ ته‌شکیلاتی‌ و تێکۆشان له‌نێوخۆی‌ وڵاتی‌ پێ‌ئه‌سپێردرایه‌وه‌. ئه‌م لاوه‌ خه‌باتگێڕه‌‌ له‌ ره‌شه‌مه‌ی‌ ساڵی‌ 2006گه‌ڕایه‌وه‌ ریزی‌ تێکۆشه‌رانی‌ ئاشکرای‌ حیزب. له‌ ماوه‌ی‌ سێ‌ ساڵی‌ رابردوودا چه‌ندین مه‌ئموورییه‌تی‌ ته‌شکیلاتیی‌ له‌نێو شاری‌ کرماشان، سنه‌، تاران، کامیاران و ناوچه‌ جۆراوجۆره‌کانی‌ پارێزگای‌ کوردستان، سه‌رکه‌وتووانه‌ جێ‌به‌جێ‌ کرد.
محه‌ممه‌د نه‌دیمی‌ لاوێکی‌ وه‌رزشکار بوو. وه‌ک راهێنه‌رێک ژماره‌یه‌کی‌ زۆر له‌ مێرمنداڵان و لاوانی‌ سه‌ربه‌ حیزبی‌ دیموکراتی‌ کوردستان فێری‌ وه‌رزشه‌ ره‌زمییه‌کان کرد. جگه‌ له‌مه‌ش له‌ بواری‌ کاری‌ ده‌ستی‌دا تابلۆ و به‌رهه‌می‌ جوانی‌ ده‌خوڵقاند.
به‌شه‌هیدبوونی‌ هاوڕێیان محه‌ممه‌د نه‌دیمی‌ و بیهرووز ره‌زانژاد، حیزبی‌ دیموکراتی‌ کوردستان دوو رۆڵه‌ی‌ به‌نرخ و خه‌ڵکی‌ کوردستان دوو پێشمه‌رگه‌ی‌ راسته‌قینه‌ی‌ خۆیان له‌ده‌ست دا.
کۆمیسیۆنی‌ ته‌شکیلاتی‌ حیزبی‌ دیموکراتی‌ کوردستان به‌بۆنه‌ی‌ شه‌هید بوونی‌ ئه‌م دوو تێکۆشه‌ره‌ به‌وه‌جه‌، له‌ قووڵایی‌ دڵه‌وه‌ سه‌ره‌خۆشی‌ له‌ بنه‌ماڵه‌کانیان، و هاوسه‌نگه‌رانی‌ ئه‌م عه‌زیزانه‌ و سه‌رجه‌م خه‌ڵکی‌ کوردستان ده‌کا.
دڵنیاین خوێنی‌ شه‌هیدان بیهرووز ره‌زانژاد و محه‌ممه‌د نه‌دیمی‌، هانده‌رێکی‌ دیکه‌ ده‌بێ‌ بۆ شێلگیربوونی‌ هاوڕێیان و هاوسه‌نگه‌رانیان له‌ سه‌ر خه‌بات و تێکۆشان تا وه‌دیهێنانی‌ ئه‌و ئامانجانه‌ی‌ بێهرووز و محه‌ممه‌د و سه‌رجه‌م شه‌هیدانی‌ دیموکرات گیانیان له‌پێناویاندا به‌خشی‌.
رێژیمی‌ کۆماری‌ ئیسلامی‌ و به‌کرێگیراوانیشی‌ دڵنیا ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ لاوانی‌ کوردستان و حیزبی‌ دیموکرات و بزووتنه‌وه‌ی‌ ئازادیخوازیی‌ گه‌لی‌ کورد له‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ کوردستان، پیلان و تاوانی‌ ئه‌وان بۆ له‌نێوبردنی‌ تێکۆشه‌ران وقاره‌مانانی‌ کورد له‌بیرناکه‌ن و، خه‌باته‌که‌یان به‌دژی‌ ئه‌م رێژیمه‌ دیکتاتۆر و خوێنرێژه‌ به‌ یادی‌ ئه‌م خۆشه‌ویستانه‌وه‌، به‌گوڕتر ده‌که‌ن.
سڵاو له‌ گیانی‌ پاکی‌ تازه‌ترین شه‌هیدانی‌ حیزبی‌ دیموکراتی‌ کوردستان و گه‌لی‌ کورد، بێهرووز ره‌زانژاد و محه‌ممه‌د نه‌دیمی‌
مردن بۆ رێژیمی‌ کۆماری‌ ئیسلامی‌ و ریسوایی‌ بۆ به‌کرێگراوانی‌
حیزبی‌ دیموکراتی‌ کوردستان
کۆمیسیۆنی‌ ته‌شکیلات
1388.06.02
2009.08.24