ئەنوەر شاوانی

خه‌ڵکی : پشاوە

له‌ دایکبووی : پشاوە 1954

کاتی شه‌هیدبوون : 1988.08.18

شۆێنی شه‌هیدبوون : سەرتەنگی سەرێ

شۆێنی گڵکۆ : کەرەخۆ . نیەر

چۆنیەتیی شه‌هیدبوون : دەرگیری

پله‌ی ته‌شکیلاتی : سەرپەل

ئەم هاوڕێیە بەنرخەمەم لە ٣ پەردەی تاڵ و تایبەتدا
بەهاری ١٣٦٢ بناری شاهۆ
١ چوار پێشمەرگە بووین، ئەنوەر پەشاوایی، کاکەلی جەواهێری، سەلاح ڕەحمانی و من بۆ مەعمووریەتێکی قورس و تایبەت بەڕێکراین. نزیک سەعات نۆی ئێوارە گەییشتینە شوێنێک کە ئەبوا لە نزیک ئاوایی گەورەی لۆن و دوو پایەگای زەبەلاحی دژمنەوە تێپەڕین. ئەنوەر وەک هەمیشە لە پێشەوە و خەریکی تاقیکردنەوەی رێگا بوو. لە دەراوێکی نزیک ماڵەکاندا راوەستاین تا دوایین خاڵ و شوێن بۆ ئەنجامدانی کارەکەمان دیاری و دەستنیشان بکەین. تەنیا چەند سەد مێترێک لە بنکەی هێزەکانی ڕێژیمەوە دوور بووین لە پڕ رەگبارێکی ژێ ٣ و هەرچوار دەورمان بوو بە پارچەیەک ئاگر.
ئەنوەر هاواری کرد بریندارم. وەزع و حاڵەتێکی زۆر سەیر بوو. ئەبوا شیرازەی کارەکەمان لە دەست دەرنەچی، ئاگامان لە جموجووڵی دژمن بێت و بە کەمترین وەختیش بگەینە فریای ئەنوەر کە مەچەکی بەر ڕەگبارێ ژێ ٣ کەوتبوو و بە ئێسک و پێستەوە ورد و خاشی کردبوو.
بە جامانەیەک کە لە ملی خویدا بوو دەستی ئەنوەرمان بەست. لە ژێر تەقەی هێزەکانی دژمندا دوورمان خسەتەوە و بەرلەوە ڕۆژ بێتەوە، گەییشتینەوە بناری شاهۆ کە ئێتر مانای دوورکەوتنەوە لە مەترسی لە داوی مەرگ بوو. بێ دوکتور و دەرمان، ئەنوەرمان سپاردە دەستی ئەمینی دوو هاوڕێ پێشمەرگەمان ( کاک فەرهاد مەنبەری و عەلی مراد … ) تا بیبەن، بیشارنەوە، ئاگایان لێ بێت و دواتر بە سڵامەتی بیهێننەوە بۆ لامان.
پاییزی ١۳٦٢ ئاوایی نیەر
٢ گشت پایەگا و سەنگەراکانی شناسایی کرابوون و مابووەوە ئەوەی کە پێشمەرگەی تایبەت بۆ شوێنەکان و گرتنی سەنگەرەکان دەستنیشان بکرێن.
ئەنوەر پەشاوەیی لەگەڵ ئەو ٦ پیشمەرگەیەدا بوو کە بڕیار بوو بچنە ناو یەکێک لە دیوەکان و هەر کەسەیان پاسدارێک کە لە دیوەکەدا خەوتبوون و ئاگاداری پلانەکەی ئێمە نەبوون بەدیل بگرن. کار تا دوا سانیەکانی وەک خوی چووە پێش و گشت ڕیگا تا ناو دیوی خەوتنی پاسدارەکان بێ گرفت گەییشتە ئەنجام. پەنج کەس لە پاسدارەکان بێ تەقە گیران و نەفەری شەشەم لە چنگی هاوڕێیان هەڵات و چەند فیشەکێکی لە ناو دیوەکەدا تەقاند. یەکێک لە فیشەکەکان بەر ڕانی ڕاستی ئەنوەر کەوت، ڕانی شکاند و بە سەختیش برینداری کرد. لە ناو ئاگربارانی شەڕی دوو پایگای دیکەدا ئەنوەرمان دوورخستەوە و بردمان لە ماڵی وڵاتپارێزێکدا شاردمانەوە.
ئێشی فراوان، خوێنڕێژی زۆر و نەبوونی دوکتور و دەرمانێکی شیاو تەنیا بەشێک لە کێشەکانی سەر ڕێگای ئەم هەڤاڵە فیداکارەمان بوون دەنا، گشت سەعاتەکانی شەو و ڕۆژ نا، گشت چرکە و ساتەکانیش، گیان و ژیانی لە چەند سانتیمێتری مەرگ و ئاشکرابوون بۆ هێزە هارەکانی دژمندا بوو کە کەس نەیدەزانی دوای گیران دواڕۆژی چۆن ئەبێت. ئەوەی گرنگ و شیاوی گێڕانەوەیە ئەوەیە کە ئەو هەردەم ورەی لە شاخ و ئەویش لە شاخێکی بەرز بەرزتر نیشانی ئێمە ئەدا.
۳ هاوێنی ١٣٦٧، کێوی هەوراو/ بناری گەورەجۆ
گەلێک ساڵی تاڵ تێپەڕین، ئەم زامانەی دەست و رانی ئەنوەر ساڕێش بوون بەڵام قەت بێ ئێش و تەنانەت کەمئێشیش نەبونەوە، بەڵام ئەنوەر دیسان پیشمەرگەی پێشەنگ و لەو دەگمەن کەسانەی ناو ڕیزی پێشمەرگەکان بوو کە لە گشت شەڕەکاندا لە سەنگەری پیشەوە بوو و گیانلەسەر دەست هێرشی ئەبرد و پالاماری دژمنی تێکدەشکاند.
سەرەنجام لە شەڕێکی سەخت و دژواری دیکەدا، لە کێوی بەرز و سەرکەشی هەوراو کە دەیان کەس لە هێزەکانی دژمنی تێدا کوژران،( من لەم دوا ڕووداوەدا لەگەڵ نەبووم) وێڕای چەند هاوڕێکی ئازیزی دیکە بە گرانی بریندار بوو. دیسان وەک جارەکەی شاهۆ سپێردرایە دەستی ئەمینی چەند هەڤاڵ و لەوانە هاوڕێ فەرهاد مەنبەری، بەڵام بەداخەوە ئەم جارەیان برینەکەی گەلێک کاری و گران بوو و دوای چەند ڕۆژ گیانی بەخشییە نیشتمانی دیلمان.Hatam Manbari