عوسمان ره‌حیمی

خه‌ڵکی : بانه

له‌ دایکبووی : بانه 1956

کاتی شه‌هیدبوون : 2007.09.11

شۆێنی شه‌هیدبوون : کۆیە

شۆێنی گڵکۆ : کۆیە

چۆنیەتیی شه‌هیدبوون : نەخۆشی

ئه‌ندامی‌ ده‌سته‌ی‌ راوێژکاری‌ ده‌فته‌ری‌ سیاسی‌‌

راگه‌یه‌ندراوی‌ کۆمیته‌ی‌ ناوه‌ندیی‌ حیزبی‌ دیموکراتی‌ کوردستان به‌ بۆنه‌ی‌ کۆچی‌ دوایی‌ هاورێی‌ تێکۆشه‌ر عوسمان ره‌حیمی‌یه‌وه‌ 
خه‌ڵکی‌ خه‌باتگێڕی‌ کوردستان!
تێکۆشه‌ران، ئه‌ندامان‌و لایه‌نگرانی‌ حیزبی‌ دێموکراتی‌ کوردستان!
به‌داخ‌و که‌سه‌رێکی‌ گرانه‌وه‌ راده‌گه‌یه‌نین که‌ دوانیوه‌رۆی‌ سێ‌ شه‌ممه‌ 20ی‌ خه‌رمانان(11ی‌سێپتامبری‌2007) هاوڕێ عوسمان ره‌حیمی‌ ئه‌ندامی‌ ده‌سته‌ی‌ راوێژکاری‌ ده‌فته‌ری‌ سیاسی‌‌و تێکۆشه‌ری‌ دێرین‌و ناسراوی‌ حیزبی‌ دێموکراتی‌ کوردستان به‌ هۆی‌ سه‌کته‌ی‌ مێشک کۆچی‌ دوایی‌ کرد.
کاک عوسمان ره‌حیمی‌، کوڕی‌ حه‌مه‌ ساڵه‌، ساڵی‌ 1335 ی‌ هه‌تاوی‌ له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌کی‌ خه‌باتگێڕ‌و نیشتمانپه‌روه‌ر دا له‌ شاری‌ بانه‌ دایک بوو. باوکی‌ کاک عوسمان یه‌ک له‌ پێشمه‌رگه‌کانی‌ کۆماری‌ کوردستان بووو، هه‌تا دوا ساتی‌ ژیانی‌ به‌ ئامانجه‌کانی‌ کۆماری‌ کوردستان‌و حیزبی‌ دێموکراتی‌ کوردستان وه‌فادار مایه‌وه‌. برایه‌کی‌ کاک عوسمانیش به‌ ناوی‌ عومه‌ری‌ ره‌حیمی‌ که‌ ئه‌ندامی‌ کۆمیته‌ی‌ شارستانی‌ بانه‌ بوو، ساڵی‌ 1362 له‌ کاتی‌ تۆببارانی‌ کۆنفرانسی‌ کۆمیته‌ی‌ شارستان له‌ لایه‌ن کۆماری‌ ئیسلامی‌یه‌وه‌ گیانی‌ له‌ده‌ست دا. عوسمان ره‌حیمی‌ خوێندکاری‌ ساڵی‌ پێنجی‌ دام پزیشکیی‌ زانکۆی‌ تاران بوو که‌ شۆرشی‌ گه‌لانی‌ ئێران به‌ دژی‌ رێژیمی‌ پاشایه‌تی‌ سه‌رانسه‌ری‌ وڵاتی‌ داگرت. به‌ هۆی‌ رابردووی‌ سیاسیی‌ بنه‌ماله‌که‌ی‌‌و تێکه‌ڵاوی‌ له‌ گه‌ڵ‌ کۆڕ‌و کۆمه‌ڵه‌ خوێندکاری‌‌و خه‌باتگێره‌کان، وه‌ک خوێندکارێکی‌ شۆرشگێڕ‌و ئاگای‌ کورد، رۆڵێکی‌ چالاکی‌ له‌رێکخستنی‌ خۆپێشاندانه‌کانی‌ ساڵی‌ 1357ی‌ شاری‌ بانه‌ دا گرته‌ ئه‌ستۆ. هه‌ر ئه‌و ساڵه‌ش بوو به‌ ئه‌ندامی‌ حیزبی‌ دێموکراتی‌ کوردستان‌و له‌و کاته‌وه‌ تا کاتی‌ کۆچی‌ بێوه‌خت‌و له‌ ناکاوی‌ هه‌موو توانای‌ خۆی‌ بۆ خزمه‌تی‌ حیزبه‌که‌ی‌‌و بزوتنه‌وه‌ی‌ رزگاریخوازانه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌که‌ی‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ کوردستان ته‌رخان کرد.
ئاگایی به‌رزی‌ سیاسی‌، خه‌ڵکدۆستی‌، خاکه‌ڕایی، ماندوویی نه‌ناسی‌‌و ئاماده‌یی بۆ به‌رێوه‌ بردنی‌ ئه‌رک‌و به‌رپرسایه‌تیی حیزبی‌، زۆر زوو عوسمان ره‌حیمیی‌ کرد به‌ سیمایه‌کی‌ ناسراو‌و خۆشه‌ویستی‌ حیزبی‌ دێموکرات له‌ شارستانی‌ بانه‌. هه‌ر بۆیه‌ به‌رپرسایه‌تیی جۆراوجۆری‌ سیاسی‌، ته‌شکیلاتی‌‌و ئامووزشیی‌ له‌ ئاستی‌ کۆمیته‌ی‌ شارستان‌و هه‌یئه‌تی‌ ئیجرایی دا پێ‌ سپێردرا. کاک عوسمان له‌ ئاکامی‌ نیشاندانی‌ لێوه‌شاوه‌یی له‌ خۆی‌‌و سه‌رکه‌وتنی‌ له‌ ئه‌رکه‌ پێ‌ سپێردراوه‌کانی‌ دا، له‌ کۆنگره‌ی‌ حه‌وته‌می‌ حیزبی‌ دێموکراتی‌ کوردستان به‌ ئه‌ندامی‌ کۆمیته‌ی‌ ناوه‌ندی‌ هه‌ڵ‌ بژێردرا‌و به‌رپرسایه‌تیی‌ کۆمیته‌ شارستانی‌ بانه‌ی‌ پێ‌ سپێردرا.
هاورێی‌ به‌ نرخ عوسمان ره‌حیمی‌ له‌ ماوه‌ی‌ نزیک به‌ 30 ساڵ‌ تێکۆشانی‌ شێلگیرانه‌ له‌ حیزبی‌ دێموکراتی‌ کوردستان دا، هه‌موو کات یه‌ک له‌ به‌رێوه‌به‌ران‌و به‌رپرسه‌ به‌توانا‌و به‌ خزمه‌ته‌کانی‌ حیزبه‌که‌ی‌ بوو‌و، بۆ ماوه‌ی‌ زیاتر له‌ 20 ساڵ‌ له‌ کادری‌ رێبه‌ریی حیزب دا، به‌رپرسایه‌تیی جۆراوجۆری‌ گرته‌ ئه‌ستۆ. ئه‌گه‌ر له‌ هه‌لومه‌رجی‌ دژواری‌ خه‌باتی‌ پارتیزانی‌ دا، به‌رپرسێکی‌ فیداکار، مودیرێکی‌ سه‌رکه‌وتوو، سیاسی‌یه‌کی‌ ئاگا‌و فه‌رمانده‌یه‌کی‌ به‌ توانا بوو، له‌ به‌ڕێوه‌ بردنی‌ ته‌شکیلاتی‌ نهێنی‌، گرتنه‌ ئه‌ستۆی‌ کار‌وباری‌ پێوه‌ندییه‌کان، به‌رپرسایه‌تیی سکرتاریای‌ حیزب، ئه‌ندامه‌تیی‌ ده‌سته‌ی‌ نووسه‌رانی‌ رۆژنامه‌ی‌ “کوردستان”‌و ئیداره‌ کردنی‌ رادیۆی‌ ده‌نگی‌ کوردستانیش دا، سه‌رکه‌وتوو‌و سه‌ربه‌رز بوو. ئه‌و خزمه‌تانه‌ی‌ عوسمان ره‌حیمی‌ له‌ بواری‌ فکر‌و نووسین‌و فێر کردن‌و راگه‌یاندن دا به‌ حیزبی‌ دێموکراتی‌ کوردستان‌و خه‌باتی‌ شۆرشگێرانه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ کوردستانی‌ کردوون، له‌ خزمه‌ته‌کانی‌ دیکه‌ی‌ که‌متر نین.
عوسمان ره‌حیمی‌ وه‌ک رووناکبیرێکی‌ شۆرشگێر دڵی‌ له‌گه‌ڵ‌ رووداوه‌کانی‌ خه‌باتی‌ رزگاریخوازانه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌که‌ی‌ دا لێی‌ ده‌دا‌و، تێکۆشانی‌ راسته‌وخۆ له‌ نێو جه‌رگه‌ی‌ ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ی‌ دا به‌ ئه‌رکی‌ بێ‌ ئه‌م لاو ئه‌ولای‌ خۆی‌ ده‌زانی‌. هه‌ر بۆیه‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌موو مه‌رجه‌کانی‌ گیرسانه‌وه‌ له‌ ئورووپای‌ بۆ دابین ببوو، کاتێک دوای‌ 3 ساڵ‌ له‌ ئه‌ڵمان گه‌ڕایه‌وه‌ کوردستان، له‌ نێو تێکۆشه‌رانی‌ خۆراگری‌ حیزبه‌که‌ی‌‌و نه‌ته‌وه‌که‌ی‌ دا مایه‌وه‌ تا رۆڵێکی‌ کاریگه‌رتری‌ له‌ به‌ره‌وپێشبردنی‌ تێکۆشانی‌ حیزبه‌که‌ی‌‌و خه‌باتی‌ گه‌له‌که‌ی‌ دا هه‌بێ‌. هاوڕێ عوسمان ره‌حیمی‌ ساڵی‌ 1373 له‌گه‌ڵ‌ خاتوو په‌خشان کچی‌ تێکۆشه‌ری‌ دێرین مامۆستا ئه‌بووبه‌کر فه‌لسه‌فی‌ ژیانی‌ هاوبه‌شی‌ پێک هێنا. به‌رهه‌می‌ ئه‌و ژیانه‌ هاوبه‌شه‌ 2 کوڕ‌و کچێکن به‌ ناوه‌کانی‌ سامان، سوورکێوْ‌و سنوور. ژیانی‌ تایبه‌تی‌‌و بنه‌ماڵه‌یی‌ کاک عوسمان‌و هاوژیانه‌ رووسووره‌که‌ی‌، پێشانده‌ری‌ لایه‌نێکی‌ دیکه‌ له‌ که‌سایه‌تیی به‌رزی‌ ئه‌و دوو تێکۆشه‌ره‌ بوو. چونکه‌ ژیانی‌ هاوبه‌ش‌و ئه‌رکه‌ بنه‌ماڵه‌یی‌یه‌کان هیچ کات نه‌بوون به‌ رێگڕ له‌به‌رده‌م خزمه‌تی‌ بێوچانی‌ عوسمان ره‌حیمی‌ به‌ حیزبی‌ دێموکرات. له‌ لایه‌کی‌ دیکه‌وه‌ ماڵی‌ کاک عوسمان هه‌موو کات شوێنێک بووه‌ بۆ داڵده‌دان‌و خزمه‌تی‌ تێکۆشه‌ران‌و هه‌ڵوه‌دایانی‌ کوردایه‌تی‌‌و ئازادی‌.
به‌ کۆچی‌ دوایی عوسمان ره‌حیمی‌ حیزبی‌ دێموکراتی‌ کوردستان خه‌باتگێرێکی‌ کارامه‌‌و که‌سایه‌تییه‌کی‌ خۆشه‌ویست‌و یه‌کێک له‌ رێبه‌ره‌ پێگه‌یشتوو‌و لێوه‌شاوه‌کانی‌ خۆی‌ له‌ده‌ست دا. کومیته‌ی‌ ناوه‌ندیی حیزبی‌ دێموکراتی‌ کوردستان به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ سه‌ره‌خۆشی‌ له‌ هاوسه‌ر‌و جگه‌رگۆشه‌کانی‌ عوسمانی‌ جوانه‌ مه‌رگ‌و، بنه‌ماڵه‌ به‌ڕێزه‌کانی‌ ره‌حیمی‌‌و فه‌لسه‌فی‌ له‌ بانه‌‌و فینلاند ده‌کا‌و هاوده‌ردی‌‌و هاوخه‌میی‌ خۆی‌ به‌ تێکۆشه‌ران، ئه‌ندامان‌و لایه‌نگرانی‌ حیزب‌و هه‌موو ئۆگرانی‌ ره‌وانشاد عوسمان ره‌حیمی‌ له‌ کوردستان‌و ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات راده‌گه‌یه‌نێ‌. عوسمان ره‌حیمی‌ ئه‌گه‌رچی‌ به‌ جه‌سته‌ به‌جێی‌ هێشتووین، به‌ڵام یادی‌‌و ناوی‌ به‌ بۆنه‌ی‌ ته‌مه‌نێک خزمه‌ت به‌ حیزبی‌ دێموکرات‌و نه‌ته‌وه‌که‌ی‌‌و، ئه‌خلاق‌و ره‌فتاری‌ به‌رزی‌، هه‌ر به‌ زیندوویی ده‌مێنێته‌وه‌‌و ده‌بێته‌ سه‌ر مه‌شقی‌ نه‌وه‌ نوێیه‌کانی‌ حیزبی‌ دێموکرات‌و نه‌ته‌وه‌که‌ی‌.
هه‌زاران سڵاو له‌ گیانی‌ پاکی‌ عوسمان ره‌حیمی‌ رۆڵه‌ی‌ خۆشه‌ویستی‌ حێزبی‌ دێموکرات‌و خۆشه‌ویستی‌ کۆمه‌ڵانی‌ خه‌باتگێری‌ کوردستان 
سه‌رکه‌وتن بۆ بزووتنه‌وه‌ی‌ رزگاریخوازانه‌ی‌ کوردستان‌و خه‌باتی‌ حیزبی‌ دێموکرات که‌ عوسمان ره‌حیمی‌ سێ‌ ده‌یه‌ له‌ ته‌مه‌نی‌ کورتی‌ خۆی‌ بۆ خزمه‌تیان ته‌رخان کرد.
کومیته‌ی‌ ناوه‌ندیی‌
حیزبی‌ دێموکراتی‌ کوردستان
دوانیوه‌رۆی‌ 20ی‌ خه‌رمانانی‌ 1386
11ی‌ سێپتامبری‌ 2007