بابه شێخ حیسامی

شەهید بابەشێخ حیسامى ناسراو بە (کاک بابا) لە ساڵى 1323ى هەتاوى لە بنەماڵەیەکى ئایینى و خاوەن تەکیە و خانەقاى نەقشبەندییەکان لە دایکبووە. مانگێک پێش چاوهەڵهێنانى بە دونیاى پڕچەرمەسەرى کورد، لە سۆزى باوکایەتى بێبەش دەبێت و باوکى (شێخ عارف) کۆچى دوایى دەکات. باوکى شەهید کاک بابا لەسەر داواى مامى کە شێخ حیسامەدینى باخەکۆن بووە زێدى خۆى واتە گوڵپى سەر بە خورماڵ و شارەزوور لە باشوورى کوردستان بەجێ دەهێڵى و بۆ پەرەپێدان بە تەسەوف و عێرفان دێتە رۆژهەڵاتى کوردستان و عەلى خانى هەمەوەندى ناسراو بە عەلى خانى تەخت خوشکێکى خۆى بە ناوى (ئامینە خان)ى لێ مارە دەکات و ئەویش لە گوندى زاناوا سەر بە ئێرانشار شارى سەقز دەگیرسێتەوەو دواتر لە گوندى خۆشێنان ى سەربە ناوچەى خۆڕخوڕەى سەقز جگە لە کارى ئایینى وەک وەرزێرێکی لێهاتووش پەرە بە کارى کشتوکاڵ دەدات و منداڵەکانى رەوانەى بەرخوێندن دەکات و دواى کۆچى شێخ عارفیش، عەلى خانى تەخت وەک خاڵێکى دڵسۆز یارمەتییان دەدات خوشکەزاکانى تا ئاستى خوێندنى باڵا بخوێنن و بەردەوام پشتیوانییان لێدەکات. ئەندازیار تاهیر حیسامى لە ئەڵمانیا خوێندن تەواو دەکات و رژێمى حەمە رەزاشاى پەهلەوى لە کاتێکدا کا ئەندازیار تاهێر لە سەردانێکیدا بۆ کوردستان دەگەرێتەوە، لە گەڕانەوەیدا ئۆتۆمبێڵەکەى مێن ڕێژ دەکەن و خۆى شەهید دەکرێ و خێزانە بە رەچەلەک ئەڵمانییەکەشى بە سەختى بریندار دەبێت، ئەم ستەمکارییە هەر زوو کاک بابا تێکەڵ بە سیاسەت دەکات و لە سەردەمى پاشایەتى جارێک دوور خراوەتەوە و چەند جارێکیش بەن کراوە. 
شەهید کاک بابەشێخ حیسامى قوناغەکانى خوێندنى سەرەتایى و ناوەندى و دواناوەندى تەواو کردووە و لە پەروەردەى مامۆستایان درێژەى بە خوێندن داوە و لە شارى مەریوان وەک چاودێرى مامۆستایان لە ئاموزش و پەروەرش دامەزراوە، ساڵى 1344 لە گەڵ خاتوونێکى کابان لە خانەدانێکى ناسراو بە ناوى توران کە بە (گوڵزار) ناوبانگى هەیە ژیانى هاوسەرێتى پێکدێنێ و لە ساڵى 1346 ى هەتاوى لە شارى مەریوان منداڵى یەکەمیان بە ناوى سالار چاو بە دنیا هەڵدێنێ، هەر لەوساتانەدا کە تازە بووەتە باوک و شیرازەى خێزانییان قایم دەکەن و روو لە شارى سنە دەکەن و لەمشارەدا لە ساڵى 1348سەردار کە نازناوى (کۆسار)ى هەیە وەک کوڕى دووەهەمى خێزانەکەیان دێتە ناو جیهانى بوونەوە، بەڵام هێندەى پێناچێت کە لە لایەن ساواکەوە بۆ شارى ( بیجار)ى گەڕووس تەبعید دەکرێ و دواتربە بیانووى درێژە دان بە خوێند لە شارى تەورێز دەگیرسێتەوە و بەشى ئەدەبیاتى زمانى فارسى لە زانکۆى ئازەرئابادگانى تەورێز تەواو دەکات و هەر لەمشارەدا ئەو ئاواتەى دێتە دى کە ببێتە باوکى کچێکى خنجیلانە و جوان لە ساڵى 1354ى هەتاوى، بۆیە کچەکەشى کە تاقانە و خۆشەویستى بووە ناوى (ئارەزوو)ى لێناوە. لە ساڵانى راپەڕێنى گەلانى بندەستى ئێرانیش سەرکردایەتى و رێبەرایەتى زۆر جووڵە و بزافى نهێنى و هەستەکانى شاراوەى ناو شارەکانى ئێران و کوردستانى کردووەو دواتر لە نزیکەوە پەیوەندى بە شەهیدى نەمر د. قاسملوو کردووە. ئەندامێکى چالاکى کونگرەى 4 ى حزبى دیموکراتى کوردستان بووە و ئەندامەتى کومیتە و بۆ ماوەیەک بەرپرسێتى کۆمیتە شارستانى سەقز و بانەى لە ئەستۆ بووە. دواى لادانى ژمارەیەک لە لایەنگرانى حزبى تودە لە ناو پەیکەرەى حزبى دیموکراتدا وەک قەڵایەک پاڵپشتى لە لە سەرکردایەتى حزبەکەى کرد و لە سەردەمى حوکمە جیهادى خومەینى گۆڕبەگۆڕدا لە گەڵ ئەوەى کە کادێرێکى سیاسى بوو شەڕى سەنگەرەگکانى بەرگرى هەڵبژارد بەڵام بەداخەوە لە شاڵاوى دووهەمى هێزەکانى رژێمى داگیرکەر و کۆنەپەرستىئاخووندى ئێران لە رێکەوتى 1359.02.07ی هەتاوى لە ناو شارى سەقز بە هۆى گوللە هاوەنەوە بە سەختى بریندار بوو، هەر لەو کاتەیدا کە جەستەى پاک و بریندار کراوى بۆ شارى بۆکان گواسترایەوە، لەوێڕل کە بە زمانەکانى ئەڵمانى و ئینگیزى شارەوزا بوو وەک وتەبێژى حزبەکەى بۆ کەناڵەکانى راگەیاننى نێو دەوڵەتى لێدوانى دا و بە تایبەتى لەگەڵ رادیۆ بى بى سى هەڵوێستەکانى خۆى و حزبەکەى ئاشکرا کرد و کۆمارى ئیسلامى بە خوێنى خۆى و هەزاران هلاوسەنگەر و رۆڵەى کورد ریسوا و شەرمەزارتر کرد، دواى بریندار بوونەکەى لە سەر بڕیارى د. قاسملووى نەمر بۆ نەخۆشخانەى سابڵاغ گواسترایەوە و دواى چه‌ند نەشتەرگەرێەک لە رێکەوتى 1359.02.09ی هەتاوى دڵى گەورە و کوردانەى لە لێدان کەوت و چووە نێو کاروانى نەمرانەوە. لە رۆژى ناشتنى تەرمە پیرۆزەکەى شەهید کاک بابا کە لە زۆربه‌ی شار و شارۆچکەکانى کوردستان خەڵک روویان لە شارى مەهاباد کرد و بۆ دوا ماڵئاوایى لە شەهید کاک بابا لە گۆڕستانى مەهاباد ئامادە بوون. ئەو زاتە پاک و کوردپەروەرە لە سەر وەسیەتى خۆى لە شارى پێشەوا و لە جیرانێتى شەهید عەزیز یوسفى تەرمى پاکى بە خاک سپێردرا.
کاک بابا بەردەوام ئەم سروودەى لە سەر زار بوو : “چەک هەڵگرى خاکێکم دوژمن لەسەرى زاڵە من بوومەتە بێگانە و بێگانە خاوەن ماڵە”. شەهیدى نەمر کاک بابەشێخ حیسامى سیاسەتوان و ئەدیبێکى بە توانا بوو، دەیان نووسراوە و کتێبى ئامادەى چاپى هەبوو کە رژێمى ئاخووندى دەستى بەسەردا گرت. شەهید کاک بابا لە شێعرێکى سەردەمى لاوى خۆیدا دەڵێت 
” ئەگەر وەک هەڵۆ دوو ساڵ بمێنێ 
رۆزى خۆت لە بن شاخان دەربێنى 
باشترە لە ژینى سه‌د ساڵەى قاڵاو
خۆراکى موردار ئاوخۆر لە گەنکاو”.
رۆحى شاد و رێگەى پڕ رێبوار بێت.

ووشەیەک یا ناوێک بنوسە کە بەدوایدا دەگەڕێیت