سه‌ید جه‌عفه‌ر نووری

‌ناسراو بە : ئاکام

خه‌ڵکی : ئیسکی به‌غدا

له ‌دایکبووی : ئ. به‌غدا 1972 

کاتی شه‌هیدبوون : 2009.09.03

شوێنی شه‌هیدبوون : کۆیە

شوێنی گڵکۆ : کۆیە

چۆنیه‌تی شه‌هیدبوون : رووداو

پله‌ی ته‌شکیلاتی : پێشمەرگە

کوچی‌ ناوه‌ختی‌ پێشمه‌رگه‌یه‌کی‌ حیزبی‌ دێموکراتی‌ کوردستان
به‌ پێی‌ هه‌واڵی‌ هه‌واڵنێریی‌ “کوردستان و کورد نیوز” کاتژمێر 10ی‌ به‌یانی رۆژی‌ پێنج شه‌ممه‌، 12ی‌ خه‌رمانان کۆڕێکی‌ پرسه‌ و سه‌ره‌ خۆشی‌ به‌ بۆنه‌ی‌ کۆچی‌ دوایی‌ سه‌ید جه‌عفه‌ر نووری‌ ناسراو به‌ ئاکام له‌ یه‌کێک له‌ بنکه‌کانی‌ سه‌ر به‌ ده‌فتری‌ سیاسی حیزبی‌ دیموکرات کوردستاندا به‌ڕێوه‌ چوو . له‌و کۆڕه‌دا که‌ به‌ به‌شداریی‌ ئه‌ندامانی‌ رێبه‌ری‌ و کادر و پێشمه‌رگه‌کانی‌ حیزبی‌ دێموکراتی‌ کوردستان و چه‌ند که‌سێک له‌ به‌رپرسانی‌ حکوومه‌تی‌ و حیزبیی‌ شاری‌ کۆیه‌ و خه‌ڵکی‌ ئه‌و شاره‌ به‌ڕێوه‌ چوو، حه‌سه‌ن خۆشکه‌لام به‌رپرسی ناوه‌ندی‌ 2 ی‌ کوردستان باسێکی‌ کورتی‌ له‌ سه‌ر ژیان و خه‌باتی‌ سه‌ید جه‌عفه‌ر نووری‌ پێشکه‌شی‌ به‌شداران کرد. پاشان هاوڕێ‌ ره‌حیمی‌ مه‌حموودی‌ به‌ناوی‌ بنه‌ماڵه‌ی‌ سه‌یید نوورییه‌وه‌ په‌یامێکی‌ خوێنده‌وه‌. سه‌یید جه‌عفه‌ر نووری‌ که‌ کاتژمێر 6ی‌ ئێوارێ رۆژی‌ چوارشه‌ممه‌ 11ی‌ خه‌رمانان به‌ هۆی‌ رووداوی‌ هاتووچۆ له‌ سه‌ر رێگای‌ ته‌ق ته‌ق گیانی‌ له‌ ده‌ست دا، ساڵی‌ 1972 له‌ گوندی‌ ئیسکی‌ به‌غدا له‌ ناوچه‌ی‌ بۆکان چاوی‌ به‌ دنیا هه‌ڵێنا. ساڵی‌ 1983 له‌ ته‌مه‌نی‌ میر منداڵیدا هاته‌ نێو ریزی‌ پێشمه‌رگه‌کانی‌ حیزبی دێموکراتی‌ کوردستان و له‌ هێزی‌ شه‌هید پێشه‌وا سازمان درا. ساڵی‌ 1984 له‌ لایه‌ن کۆماری‌ ئیسلامییه‌وه‌ به‌ دیل گیرا و پاش ساڵێک که‌ له‌ زیندان ئازاد کرا به‌ پێوه‌ندی‌ گرتنه‌وه‌ له‌ گه‌ڵ حیزبی دێموکراتی‌ کوردستان گه‌رایه‌وه‌ ناو کۆڕی‌ پێشمه‌رگه‌کانی‌ ئه‌و حیزبه‌.
کاک ئاکام له‌ سه‌ره‌تای‌ پێشمه‌رگایه‌تی‌ را تا کاتی‌ دواماڵاوایی له‌ هاوسه‌نگه‌رانی‌ له‌ به‌شه‌کانی‌ خه‌ده‌مات و کۆمیسیونی‌ ئاموزش و ناوه‌ندی‌ 2ی‌ حیزبی دێموکراتی‌ کوردستان خزمه‌تی‌ به‌ حیزب و گه‌له‌که‌ی‌ کرد .