سه‌رگورد كه‌ریم عه‌لیار

خه‌ڵکی : عەمبار

له ‌دایکبووی : عەمبار 1941

کاتی شه‌هیدبوون : 1985.06.30

شوێنی شه‌هیدبوون : ناوە

شوێنی گڵکۆ : ناوە . بانە

چۆنیه‌تی شه‌هیدبوون : دەرگیری

ئه‌ندامی‌ كومیته‌ی‌ ناوه‌ندی

پشتت چه‌ماندم

له‌ دڵی‌ به‌ردی‌ چیای‌ كوێستانا په‌ری‌یه‌ك هات‌و هه‌واڵی‌ هێنا

وتی‌ له‌رزی‌ هه‌رچی‌ ده‌شت‌و كێوه‌ كه‌ جیهان گوردی‌ له‌ ئامێز دانا

ره‌بی‌ بشكێ‌ ده‌سی‌ زوڵمت دونیا بۆ شكاندت ده‌ستی‌ هانای‌ هانا

بۆ به‌ بێ‌ روحمی‌ چه‌ماندت پشتم باری‌ قورسی‌ خه‌می‌ تاڵت لـێ‌ نا

بێ‌به‌ش

له‌ 10ی‌ مانگی‌ پووشپه‌ڕی‌ 1985, سه‌رگورد كه‌ریمی‌ عه‌لیار, ئه‌ندامی‌ كومیته‌ی‌ ناوه‌ندی‌‌و جێگری‌ كۆمیسیۆنی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ حیزبی‌ دێموكراتی کوردستان, له‌ شه‌ڕێكی‌ قاره‌مانانه‌دا به‌ دژی‌ له‌شكری‌ جینایه‌تكاری‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ له‌ ناوچه‌ی‌ بانه‌, له‌گه‌ڵ‌ 3 پێشمه‌رگه‌ی‌ دیكه‌دا, به‌ ناوه‌كانی‌ ئه‌بووبه‌كر كاكه‌برا (ئه‌بوو سه‌قزی‌), سلێمان مام پیرۆتی‌‌و هه‌مزه‌ شێخه‌یی‌, شه‌هید بوون. سه‌رگورد كه‌ریمی‌ عه‌لیار, به‌ر له‌وه‌ی‌ بێته‌ رێزی‌ تێكۆشه‌رانی‌ حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستان, له‌ ئه‌رته‌شی‌ ئێراندا خزمه‌تی‌ ده‌كرد. ئه‌و, كۆلیژی‌ ئه‌فسه‌ریی‌ ته‌واو كردبوو‌و لیسانسی‌ حوقووقی‌ سیاسیشی‌ وه‌رگرتبوو. شاره‌زایی‌ ته‌واوی‌ له‌ زمانه‌كانی‌ فارسی‌, توركی‌‌و ئینگلیسی‌دا هه‌بوو‌و له‌ كۆلیژی‌ زمانی‌ ئینگلیزی‌ له‌ ئه‌رته‌شدا نه‌فه‌ری‌ دووهه‌م هاتبۆوه‌. ئه‌گه‌رچی‌ بنه‌ماڵه‌كه‌ی‌, له‌ كۆنه‌وه‌ تێكه‌ڵاوی‌ سیاسه‌ت بوون‌و ته‌نانه‌ت مام‌و برایه‌كی‌ له‌ سه‌رده‌می‌ رێژیمی‌ شایه‌تی‌دا, پێوه‌ندییان به‌ حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستانه‌وه‌ هه‌بوو, به‌ڵام سه‌رگورد عه‌لیار تا رووخانی‌ رێژیمی‌ شایه‌تی‌ نه‌چووه‌ نێو تێكۆشانی‌ سیاسی‌یه‌وه‌. به‌ دوای‌ ده‌رچوونی‌ فه‌رمانی‌ جیهاد له‌لایه‌ن خومه‌ینی‌یه‌وه‌ له‌ دژی‌ گه‌لی‌ كورد‌و ده‌ستپێكردنی‌ به‌ره‌نگاریی‌ چه‌كدارانه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان دژی‌ رێژیمی‌ خومه‌ینی‌, سه‌رگورد كه‌ریمی‌ عه‌لیار, ئه‌رته‌شی‌ به‌جێ‌ هێشت‌و هاته‌ ریزی‌ پێشمه‌رگه‌كانی‌ كوردستانه‌وه‌‌و تا رۆژی‌ شه‌هیدبوونی‌, له‌ ریزی‌ حیزبی‌ دێموكرات‌و له‌ پێناوی‌ هێنانه‌دیی‌ ئامانجه‌ پیرۆزه‌كانی‌ گه‌لی‌ كورددا, خه‌باتی‌ كرد.

سه‌رگورد عه‌لیار, له‌به‌ر پسپۆری‌‌و لێوه‌شاوه‌یی‌ له‌ كاری‌ نیزامی‌‌و فه‌رمانده‌ری‌دا‌و هه‌روه‌ها به‌بۆنه‌ی‌ بڕوای‌ قووڵی‌ به‌ حیزبی‌ دێموكراتی کوردستان ‌و خه‌باته‌كه‌ی‌, پاش ماوه‌یه‌كی‌ كورت به‌ فه‌رمانده‌ری‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ دیاری‌ كرا‌و له‌ چه‌ندین ناوچه‌ی‌ كوردستان ئه‌م به‌رپرسایه‌تی‌یه‌ی‌ به‌ڕێوه‌ برد. له‌ ماوه‌ی‌ 6 ساڵ‌ به‌رپرسایه‌تی‌ له‌ كار‌وباری‌ نیزامی‌دا, چ وه‌ك فه‌رمانده‌ی‌ هێز‌و ئه‌ندامی‌ كۆمیسیۆنی‌ پێشمه‌رگه‌‌و چ وه‌ك راوێژكاری‌ نیزامیی‌ ده‌فته‌ری‌ سیاسی‌, سه‌رگورد عه‌لیار نیشانی‌ دا كه‌ پێشمه‌رگه‌یه‌كی‌ خاوه‌ن بیر‌وباوه‌ڕ‌و به‌رپرسێكی‌ پسپۆر‌و شاره‌زایه‌.

سه‌رگورد عه‌لیار, ئه‌و كاته‌ی‌ له‌ ئه‌رته‌ش دابوو, هیچ كات نه‌ی‌ده‌شارده‌وه‌ كه‌ ئه‌فسه‌رێكی‌ كورده‌‌و شانازیی‌ به‌ كوردبوونی‌ خۆیه‌وه‌ ده‌كرد. ئه‌م هه‌سته‌ له‌لایه‌ك‌و ئاگاداربوون له‌ نێوه‌رۆكی‌ رێژیمی‌ تازه‌ به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتوو‌و نیازه‌ چه‌په‌ڵ‌‌و دژی‌ گه‌لی‌یه‌كانی‌ رێبه‌رانی‌ ئه‌و رێژیمه‌, هانی‌ دا ببێ‌ به‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ گه‌ل‌و نیشتمانه‌كه‌ی‌, ئه‌گه‌رچی‌ پله‌ی‌ سه‌رگوردیی‌ هه‌بوو, له‌ پێشمه‌رگایه‌تی‌‌و تێكۆشان له‌ ریزه‌كانی‌ حیزبی‌ دێموكراتیشدا ساده‌‌و ساكار ده‌ژیا, ئه‌ندامێكی‌ به‌ دیسیپلینی‌ حیزب بوو, هه‌ر ئه‌ركێكی‌ پێ‌ سپێردرابا, به‌ شانازی‌یه‌وه‌ به‌جێی‌ ده‌گه‌یاند, مرۆڤێكی‌ له‌سه‌ره‌خۆ, به‌ ئه‌خلاق‌و ئه‌ركناس بوو‌و زانست‌و ئه‌زموون‌و پسپۆریی‌ خۆی‌ به‌ سه‌خاوه‌ته‌وه‌ نابووه‌ خزمه‌ت تێكۆشانی‌ حیزبی‌ دێموكرات‌و خه‌باتی‌ شۆڕشگێڕانه‌ی‌ گه‌له‌كه‌ی‌. ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه‌ سه‌رگورد كه‌ریمی‌ عه‌لیاریان له‌ ریزه‌كانی‌ حیزبی‌ دێموكراتدا خۆشه‌ویست كردبوو, هه‌ربۆیه‌ له‌ كۆنگره‌ی‌ شه‌شه‌می‌ حیزب له‌ رێبه‌ندانی‌ 1983دا, به‌ ئه‌ندامی‌ كۆمیته‌ی‌ ناوه‌ندی‌ هه‌ڵ‌بژێردرا.

سه‌رگورد عه‌لیار, هه‌روا كه‌ له‌ مه‌یدانی‌ كرده‌وه‌‌و له‌ به‌ره‌كانی‌ شه‌ڕدا فه‌رمانده‌ر‌و رێنوێنی‌ پێشمه‌رگه‌كان بوو, به‌ بیر‌و قه‌ڵه‌می‌ خۆشی‌ له‌ به‌ره‌وژووربردنی‌ ئاستی‌ زانست‌و زانیاریی‌ فه‌رمانده‌ران‌و پێشمه‌رگه‌كانی‌ حیزب, غافڵ‌ نه‌بوو. جگه‌ له‌ شیكردنه‌وه‌‌و هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ مه‌سه‌له‌ نیزامی‌یه‌كان له‌ كۆڕ‌و كۆبوونه‌وه‌ تایبه‌تی‌یه‌كاندا, زنجیره‌ باسێكیشی‌ له‌ژێر ناوی‌ “ئوسووڵی‌ شه‌ڕ” له‌ گۆڤاری‌ “26ی‌ سه‌رماوه‌ز” (ئۆرگانی‌ كۆمیسیۆنی‌ پێشمه‌رگه‌ دا ده‌ست پێ‌كرد كه‌ به‌داخه‌وه‌ به‌هۆی‌ شه‌هیدبوونی‌ ته‌نیا 2 به‌شی‌ لـێ‌ بڵاو كرایه‌وه‌. نامیلكه‌یه‌كیشی‌ به‌ناوی‌ “جنگهای‌ ویژه‌” ئاماده‌ كرد كه‌ دوای‌ شه‌هیدبوونی‌یه‌وه‌, چاپ‌و بڵاو بۆوه‌.

سه‌رگورد كه‌ریمی‌ عه‌لیار ئه‌گه‌ر له‌ ئه‌رته‌شی‌ ئێراندا مابایه‌وه‌و سه‌ری‌ بۆ ویست‌و داواكانی‌ رێژیمی‌ تازه‌ دانوندبا‌و خزمه‌تی‌ نیازه‌ دژی‌ گه‌لی‌‌و كۆنه‌په‌رستانه‌كانی‌ ئه‌و رێژیمه‌ی‌ كردبا, بێگومان به‌رپرسایه‌تی‌‌و پله‌‌و پایه‌ی‌ زۆر له‌و كه‌سانه‌ به‌رزتر ده‌بۆوه‌ كه‌ زۆر له‌ خواره‌وه‌ی‌ ئه‌ودا بوون‌و له‌ ئاكامی‌ خزمه‌ت به‌و رێژیمه‌‌و خه‌یانه‌ت به‌ ئامانجه‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ وڵاته‌كه‌یان, به‌ مه‌قام‌و پۆستی‌ به‌رز گه‌یشتن. به‌ڵام ئه‌وه‌ “پێشمه‌رگایه‌تیی‌ گه‌ل‌و نیشتمان”ی‌ له‌ به‌رپرسایه‌تی‌‌و پۆست‌و مه‌قامی‌ به‌رز له‌ ئه‌رته‌شێكی‌ سه‌ركوتكه‌ر‌و دژی‌ خه‌ڵكدا, زۆر به‌لاوه‌ گه‌وره‌تر‌و گرنگتر بوو. ژینی‌ پێشمه‌رگایه‌تیی‌ سه‌رگورد عه‌لیار‌و ماوه‌ی‌ خزمه‌ته‌ به‌نرخه‌كانی‌ به‌ حیزبی‌ دێموكراتی کوردستان ‌و خه‌باتی‌ هه‌قخوازانه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌كه‌ی‌ به‌ داخه‌وه‌ زۆر كورت بوو, چونكه‌ له‌ شه‌شه‌مین ساڵی‌ ئه‌م ژیانه‌ نوێ‌یه‌دا بوو كه‌ شه‌هید بوو. به‌ڵام هه‌ر ئه‌م رێباز‌و ژیانه‌ نوێ‌یه‌ كه‌ سه‌رگورد هه‌ڵی‌بژارد‌و هه‌ر ئه‌م ماوه‌ كورته‌ی‌ خزمه‌تی‌ گه‌ل‌و نیشتمان, جێگایه‌كی‌ ئه‌به‌دی‌‌و به‌رزی‌ بۆ ناو‌و یادی‌ ئه‌م مرۆڤه‌ له‌ دڵی‌ مێژووی‌ نه‌ته‌وه‌كه‌ی‌دا دابین كرد.

له‌ 20 ساڵه‌ی‌ شه‌هیدبوونی‌ ئه‌م رۆڵه‌ هه‌ڵكه‌وته‌ی‌ حیزب‌و گه‌له‌كه‌مان‌و ئه‌م فه‌رمانده‌ پایه‌به‌رزه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌كانی‌ كوردستاندا, به‌ رێزه‌وه‌ یادی‌ ئه‌و سێ‌ پێشمه‌رگه‌ شه‌هیده‌كه‌ی‌ هاوڕێی‌, ئه‌بووبه‌كر كاكه‌برا, سلێمان مام پیرۆت‌و هه‌مزه‌ شێخه‌یی‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌‌و چه‌پكه‌ گوڵی‌ ئه‌مه‌گناسی‌‌و وه‌فاداری‌ له‌سه‌ر گڵكۆكه‌یان داده‌نێین.

قادر وریا