ئه‌سعه‌د عه‌زیز پوور

ناسراو به‌ : ئه‌سعه‌د دریازی

خه‌ڵکی : دریاز

له‌دایکبووی : دریاز …

کاتی شه‌هیدبوون : 2010.02.26

شۆێنی شه‌هیدبوون : مه‌هاباد

شۆێنی گڵکۆ : دریاز

چۆنیه‌تیی شه‌هیدبوون: نه‌خۆشی

پله‌ی ته‌شکیلاتی : کادر

راگه‌یه‌ندراو به‌ بۆنه‌ی‌ كۆچی دوایی هاوڕێ و هاوكاری له‌مێژینه‌مان ئه‌سعه‌د دریازی

خه‌ڵكی خه‌باتگێری كوردستان
تێكۆشه‌ران، ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حیزبی دێمۆكراتی كوردستان
به‌ داخێكی گرانه‌وه‌ راده‌گه‌یه‌نین كه‌ هاوڕێ و هاوكاری خۆشه‌ویستمان ئه‌سعه‌د عه‌زیز پوور، ناسراو به‌ ئه‌سعه‌دی دریازی، كاتژمێر 2ی‌ شه‌وی رابردوو پێنجشه‌ممه‌ له‌سه‌ر هه‌ینی 7ی‌ ره‌شه‌مه‌ له‌ شاری مه‌هاباد كۆچی دوایی كرد.
ئه‌سعه‌د دریازی كادری فه‌نیی رادیۆ ده‌نگی كوردستان بوو، له‌ ساڵی 1372ی‌ هه‌تاوییه‌وه‌ هاتبووه‌ ریزی تێكۆشه‌رانی ئاشكرای‌ دێمۆكرات له‌ هێزی شه‌هید پێشه‌وا و 3 ساڵ دواتر له‌ رادیۆ ده‌نگی كوردستان ده‌ستی به‌ تێكۆشان كرد.
ئه‌سعه‌د له‌ ئاكامی ئۆگری به‌م رادیۆیه‌ و، به‌ ئاگاداری له‌ رۆڵ و جێگای ئه‌و رادیۆ خۆشه‌ویسته‌ له‌ به‌ره‌و پێش بردنی تێكۆشانی حیزبی دێمۆكرات و خه‌باتی شۆڕشگێرانه‌ خه‌ڵكی كوردستان دا به‌ زوویی بوو به‌ یه‌كێك له‌ كادره‌ به‌وه‌جه‌كانی به‌شی فه‌ننی رادیۆ ده‌نگی كوردستان، هه‌ر بۆیه‌ هه‌تا سه‌ره‌تای پاییزی ئه‌مساڵ كه‌ نه‌خۆشی ، بڕستی لێ بڕی ، له‌ خزمه‌تی دڵسۆزانه‌ به‌ رادیۆ ده‌نگی كوردستان و له‌ هاوكاریی به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ به‌شی فه‌نیی ته‌له‌فزیۆنی كوردكاناڵ درێغی نه‌كرد.
ئه‌سعه‌د دریازی كوڕی بنه‌ماڵه‌یه‌كی نیشتمانپه‌روه‌ر و سه‌ربه‌رزی خه‌ڵكی دریاز بوو . برای تێكۆشه‌ری جوانه‌مه‌رگ ، شه‌هید كاوه‌ی‌ عه‌زیزپوور بوو كه‌ به‌ تاوانی ئه‌ندامه‌تی له‌ حیزبی دێمۆكرات دا ، ساڵی 1384 له‌ لایه‌ن ئیداره‌ی‌ ئیتلاعاتی مه‌هاباده‌وه‌ گیرا و له‌ ئاكامی نه‌خۆشییه‌ك دا كه‌ به‌ هۆی لێدان و شكه‌نجه‌وه‌ تووشی هاتبوو ، رۆژی 27ی‌ بانه‌مه‌ڕی 1387 ، پاش چه‌ندین مانگ به‌ربه‌ره‌كانی له‌گه‌ڵ ئازار و ناڕه‌حه‌تی ، گیانی له‌ ده‌ست دا.
ئه‌سعه‌د دریازی، نموونه‌ی‌ تێكۆشه‌رێکی خۆڕاگر و به‌ بیروباوه‌ڕ بوو . لاوێكی قسه‌خۆش ، ساده‌ و له‌ كاری خۆیدا جیددی و رێكوپێك بوو. هه‌ر بۆیه‌ خۆشه‌ویستی سه‌رجه‌م هاوكاران و هاوخه‌باتانی بوو.
له‌م چه‌ند ساڵه‌ی‌ دوایی دا به‌ داخه‌وه‌ تووشی نه‌خۆشی “له‌ كار كه‌وتنی گورچیله‌كانی” و هاوكات تووشی نه‌خۆشی وشكبوونی پێست بوو، كه‌ ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵی رابردوو دا ئه‌گه‌رچی به‌رده‌وام له‌ هاتوچۆی دوكتوور و نه‌خۆشخانه‌ دابوو و رۆژ به‌ رۆژ زیاتر به‌ره‌و لاوازیی جه‌سته‌یی ده‌چوو، به‌ڵام له‌ كار تێكۆشان دا هه‌روا جیددی و به‌ وره‌ و ئیراده‌ ، هه‌روا به‌رز و له‌ هه‌ڵسوكه‌وت دا وه‌ك هه‌میشه‌ رووخۆش و سه‌میمی بوو. سه‌ره‌تای پاییزی رابردوو، دوای ناهۆمێدی له‌ چاره‌سه‌ربوونی نه‌خۆشیيه‌كه‌ی‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان، به‌ ره‌زامه‌ندیی حیزب، گه‌ڕایه‌وه‌ نێو بنه‌ماڵه‌ به‌ڕێزه‌كه‌ی‌ له‌ مه‌هاباد بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ هه‌لومه‌رجێكی باشتر دا، چاره‌سه‌ری نه‌خۆشییه‌كه‌ی بكا. به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ هه‌وڵ و ته‌قه‌لای‌ پزیشكه‌كان نه‌یتوانی ئه‌م رۆڵه‌ تێكۆشه‌ره‌ له‌ ده‌ست مه‌رگی بێوه‌خت رزگار بكا و، سه‌ره‌نجام له‌ ته‌مه‌نی ‌37 ساڵی دا كۆچی دوایی كرد.
ناوه‌ندی راگه‌یه‌ندنی حیزبی دێمۆكراتی كوردستان، به‌ بۆنه‌ی‌ كۆچی دوایی ئه‌م هاوڕێ و هاوكاره‌ له‌ مێژینه‌یه‌ی خۆی، به‌ گه‌رمی سه‌ره‌خۆشی له‌ بنه‌ماڵه‌ سه‌ربه‌رز و تێكۆشه‌ره‌که‌ی ئه‌سعه‌د دریازی و سه‌رجه‌م خه‌ڵكی مه‌هاباد ده‌كا. به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ هه‌روه‌ها سه‌ره‌خۆشی له‌ هاوكارانمان له‌ راگه‌یاندنی حیزبی دێمۆكرات و تێكڕای تێكۆشه‌رانی دێمۆكرات ده‌كه‌ین.
گیانی ئه‌سعه‌دی هاوڕێ و هاوكاری جوانه‌مه‌رگیشمان دڵنیا ده‌كه‌ین كه‌ یادی له‌ دڵمان دا زیندوو راده‌گرین و هه‌تا به‌دیهێنانی ئامانجه‌ به‌رزه‌كانی كه‌ رزگاریی نه‌ته‌وه‌كه‌مان له‌ ژێر ده‌ستیییه‌، له‌ خه‌بات و تێكۆشان ناوه‌ستین.

حیزبی دێمۆكراتی كوردستان
ناوه‌ندی راگه‌یاندن
7ی‌ ره‌شه‌مه‌ی 1388
26ی فێورییه‌ی‌ 2010