کاوه‌ عه‌زیز پوور

خه‌ڵکی: دریاز

له ‌دایکبووی : دریاز 1983

کاتی شه‌هیدبوون : 2008.05.16‌

شوێنی شه‌هیدبوون : ورمێ

شوێنی گڵکۆ : دریاز

چ . شه‌هیدبوون : ئه‌شکه‌نجه‌

پله‌ی ته‌شکیلاتی : ئه‌ندام



.


کوردستان‌وکورد: تێکۆشه‌ری‌ سیاسیی‌ کورد، کاوه‌ عه‌زیز پوور، که‌ به‌ هۆی‌ ئه‌شکه‌نجه‌ی‌ له‌ راده‌به‌ده‌ری‌ جه‌لادانی‌ ئیتلاعاته‌وه‌ مێشکی‌ زه‌ربه‌ی‌ قورسی‌ وێکه‌وتبوو، سه‌ره‌نجام ئه‌مڕۆ له‌ یه‌کێک له‌ نه‌خۆشخانه‌کانی‌ ورمێ‌ گیانی‌ له‌ ده‌ست دا‌و تێکه‌ڵ به‌ کاروانی‌ هه‌رگیز نه‌مری‌ شه‌هیدانی‌ کوردستان بوو.
شه‌هید کاوه‌ی‌ ته‌مه‌ن 25 ساڵ ، که‌ خه‌ڵکی‌ ئاوایی‌ دریازی‌ ناوچه‌ی‌ شاروێرانی‌ مه‌هاباده‌، نزیک به‌ دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر به‌ تاوانی‌ هاوکاری‌ له‌ گه‌ڵ حیزبی‌ دیموکراتی‌ کوردستان له‌ لایه‌ن هێزه‌ به‌کرێگیراوه‌کانی‌ ئیداره‌ی‌ ئیتلاعاتی‌ ئه‌و شاره‌وه‌ ده‌سبه‌سه‌ر‌و ره‌وانه‌ی‌ چاڵه‌ ره‌شه‌کانی‌ کۆماری‌ ئیسلامی‌ کرا. سه‌ره‌تا بۆ ماوه‌ی‌ سێ‌َ مانگ له‌ ژووری‌ تاکه‌که‌سیی‌ زیندانی‌ ئیتلاعاتی‌ مه‌هاباد ده‌که‌وێته‌ ژێر ئه‌شکه‌نجه‌ی‌ توندو بێ‌ ره‌حمانه‌ی‌ جه‌لادانی‌ ئیتلاعات یه‌ک له‌وان “ئیلهامی‌”‌و خۆفرۆشێکی‌ دیکه‌ به‌ ناوی‌ “عه‌زیز کانه‌بی‌”‌و “سه‌یدی‌” قازی‌ دادگا‌وه‌. به‌ڵام به‌ هۆی‌ خۆی‌ڕاگرت‌و کۆڵی‌نه‌دان توندترین شێوه‌کانی‌ ئه‌شکه‌نجه‌ وه‌کوو “شۆکی‌ ئه‌لکتریکی‌”ی‌ له‌ سه‌ر تاقیکرایه‌وه‌. له‌ دانیشتنی‌ کۆتایی‌ دادگادا کاوه‌ به‌ 3 ساڵ زیندان‌و ساڵێک دوورخرانه‌وه‌ بۆ مه‌راغه‌ مه‌حکوم کرا. ناوبراو دواتریش هه‌ر له‌ ژێر ئه‌شکه‌نجه‌دا بوو و هه‌ر وه‌کوو له‌ هه‌واڵه‌کانی‌ پێشتریش دا بڵاومان کرده‌وه‌ له‌ ژێر ئه‌شکه‌نجه‌دا تووشی‌ زه‌ربه‌ی‌ مه‌غزی‌ ده‌بێ‌. 
کاوه‌ عه‌زیز پوور که‌ له‌ دۆخێکی‌ ناله‌باردا بوو بۆ یه‌که‌م جار له‌ ساڵی‌ 2006دا نه‌شته‌رگه‌ریی‌ بۆ کرا، به‌ڵام مۆره‌کانی‌ ئیتلاعات به‌ر له‌وه‌ی‌ برینه‌کانی‌ سارێژ ببێته‌وه‌ گه‌ڕاندیانه‌وه‌ زیندان‌و به‌و هۆیه‌ش بۆ جارێکی‌ دیکه‌ واته‌ دوای‌ که‌متر له‌ ساڵێک نه‌خۆشییه‌که‌ی‌ سه‌ر هه‌ڵدایه‌وه‌‌و سه‌ر له‌ نوێ‌ نه‌شته‌رگه‌ریی‌ بۆ ده‌کرێته‌وه‌. پزیشکه‌کان دوو مانگ ئیستراحه‌تی‌ بۆ داده‌نێن، به‌ڵام له‌ ژێر فشاری‌ هێزه‌کانی‌ ئیتلاعات دا دوای‌ 24 کاتژمێر له‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ ده‌رده‌کرێ‌‌و به‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ که‌ چاوه‌دێریی‌ پزیشکیی‌ له‌ سه‌ر نه‌مابوو پاش چه‌ند ڕۆژان له‌ هۆش خۆی‌ ده‌چێ‌. بنه‌ماڵه‌که‌ی‌ دوای‌ چه‌ند ڕۆژ ده‌یگوێزنه‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ی‌ “ئیمام ڕه‌زا” له‌”ورمێ‌”‌و 27 رۆژ له‌ حاڵه‌تی‌ کۆمادا ده‌بێ‌، تا ئه‌وه‌ی‌ که‌ سه‌ره‌نجام شه‌وی‌ 2008.05.16چاوی‌ له‌ سه‌ر یه‌ک داده‌نێ‌‌و به‌ دنیایه‌ک ئاوات‌و ئاره‌زوووه‌ بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ ماڵئاوایی‌ یه‌ک جاره‌کی‌ له‌ دایک‌و باوکی‌ دڵسۆزی‌‌و خێزانی‌ خۆڕاگری‌‌و جگه‌رگۆشه‌ خنجیلانه‌که‌ی‌”کارۆ”‌و برای‌ شۆڕشگێڕی‌‌و خه‌ڵکی‌ به‌ ئه‌مه‌کی‌ کوردستان ده‌کا.
رۆحی‌ شاد‌و ئاواته‌کانی‌ وه‌دی‌ بێن