سمایل ئیبراهیمی

ناسراو به‌ : سمایل سه‌رده‌شتی

خه‌ڵکی: مه‌هاباد

له ‌دایکبووی : دویێ. قەڵادزە 1974

کاتی شه‌هیدبوون : 2008.08.01

شوێنی شه‌هیدبوون : رانیه‌ 

شوێنی گڵکۆ : کۆیه‌

چۆنیه‌تی شه‌هیدبوون : رووداو

پله‌ی ته‌شکیلاتی : ئەندام


راگه‌یه‌ندراوی‌ کۆمیسیۆنی‌ راگه‌یاندنی‌ حیزبی‌ دێموکراتی‌ کوردستان
به‌بۆنه‌ی‌ مه‌رگی‌ نابه‌وه‌ختی‌ هونه‌رمه‌ندی‌ ناسراو سمایل سه‌رده‌شتی‌
کۆمیسیۆنی‌ راگه‌یاندنی‌ حیزبی‌ دێموکراتی‌ کوردستا راده‌گه‌یه‌نێ‌ که‌ به‌داخه‌وه‌ ده‌وروبه‌ری‌ سه‌عات 6ی‌ ئێواره‌ی‌ رۆژی‌ 11ی‌ گه‌لاوێژ (1ی‌ ئاگۆست) هونه‌رمه‌ندی‌ ناسراوی‌ کورد، ئه‌ندامی‌ حیزبی‌ دێموکراتی‌ کوردستان له‌ رووداوی ماشێن لێخوڕین دا له‌ نزیک شاری‌ رانیه‌ی‌ باشووری‌ کوردستان گیانی‌ له‌ده‌ست دا‌
و بۆ هه‌میشه‌ ماڵاوایی‌ له‌ حیزب‌و نه‌ته‌وه‌که‌ی‌‌و لایه‌نگرانی‌ هونه‌ره‌که‌ی‌ کرد.
کۆمیسیۆنی‌ راگه‌یاندنی‌ حیزبی‌ دێموکراتی‌ کوردستان له‌ داهاتوودا له‌ زانیاریی‌ زیاتر له‌ باره‌ی‌ چۆنیه‌تی‌‌و هۆی‌ رووداوه‌که‌ ئاگادارتان ده‌کاته‌وه‌. 
کۆمیسیۆنی‌ راگه‌یاندنی‌ حیزبی‌ دێموکراتی‌ کوردستان وێڕای‌ به‌داخبوون له‌و کاره‌ساته‌ ناخۆشه‌، سه‌ره‌خۆشی‌ له‌ بنه‌ماڵه‌ی‌ به‌ڕێزی‌ سمایل سه‌رده‌شتی‌، هاوڕێ‌یانی‌‌و هه‌موو خه‌ڵکی‌ کوردستان به‌ گشتی‌‌و ئۆگرانی‌ هونه‌ره‌که‌ی‌ به‌ تایبه‌تی‌ ده‌کا.
…………………………………………………………………………….
ته‌رمی‌ سمایل سه‌رده‌شتی‌ له‌ گۆڕستانی‌ شه‌هیدانی‌ دێموکرات به‌خاک سپێردرا
کاتژمێر 5ی‌ دوانیوه‌رۆی‌ رۆژی‌ 2ی‌ ئاگۆست2008 (12ی‌ گه‌لاوێژی‌ 1387) له‌ نێو به‌دره‌قه‌ی‌ جه‌ماوه‌رێکی‌ گه‌وره‌ دا ته‌رمی‌ هونه‌رمه‌ندی‌ جوانه‌مه‌رگ سمایل سه‌رده‌شتی‌، له‌ گۆرستانی‌ شه‌هیدانی‌ دیمۆکرات له‌ نزیک شاری‌ کۆیه‌ به‌ خاک سپێردرا.
کوردستان و کورد: ته‌رمی‌ هونه‌رمه‌ند سمایل سه‌رده‌شتی‌ که‌ رۆژی‌ هه‌ینی‌ 11ی‌ گه‌لاوێژ له‌ ده‌ربه‌ندی‌ رانیه‌ له‌ کاره‌ساتێکی‌ ماشێن لێخورین دا گیانی‌ له‌ ده‌ست دا، کاتژمێر 3:30 دوانیوه‌رۆی‌ شه‌مه‌ 12ی‌ گه‌لاوێژ، له‌ نێو به‌دره‌قه‌ی‌ خه‌ڵکی‌ شاری‌ رانیه‌ و سه‌دان کوردی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ کوردستان، له‌گه‌ڵ سه‌دان ماشێن له‌ شاری‌ رانیه‌وه‌ به‌ره‌و کۆیه‌ وه‌رێ‌ که‌وت. کاتژمێر 5ی‌ دوا نیوه‌رۆ، له‌ رێوڕه‌سمێک دا که‌ شایانی‌ خۆشه‌ویستی‌ و گه‌لدۆستیی‌ ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ نیشتمانپه‌روه‌ره‌ بوو، ته‌رمی‌ سمایل سه‌رده‌شتی‌ له‌ گۆرستانی‌ شه‌هیدانی‌ حیزبی‌ دیمۆکرات، به‌ خاک ئه‌سپێردرا.
له‌ رێوڕه‌سمی‌ به‌ خاک سپاردنی‌ هونه‌رمه‌ندی‌ جوانه‌مه‌رگ سمایل سه‌رده‌شتی‌ دا، ئه‌ندامانی‌ رێبه‌ری‌/ سه‌دان کادر و پێشمه‌رگه‌، بنه‌ماڵه‌کانی‌ حیزبی‌ دیمۆکراتی‌ کوردستان، سه‌دان کوردی‌ رۆژهه‌ڵاتیی‌ کوردستان دانیشتوان له‌ هه‌رێمی‌ کوردستان و هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌کی‌ زۆری‌ کاربه‌دستانی‌ حیزبی‌ و حکومه‌تی‌ قه‌ڵادزه‌ و رانیه‌ و جه‌ماوه‌رێکی‌ هه‌زار که‌س له‌ ئۆگرانی‌ هونه‌رمه‌ند سمایل سه‌رده‌شتی‌ له‌ هه‌رێمی‌ کوردستان، به‌شدار بوون. دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ ته‌رمی‌ هونه‌رمه‌ندی‌ جوانه‌مه‌رگ له‌ نێو فرمێسک بارانی‌ خۆشه‌ویستان و ئۆگرانی‌ دا له‌ په‌نای‌ شه‌هیدانی‌ حیزبی‌ دیمۆکراتی‌ کوردستان به‌ خاک سپێردرا، که‌سایه‌تیی‌ سیاسی‌ ناوداری‌ نه‌ته‌وه‌که‌مان و تێکۆشه‌ری‌ دێرینی‌ حیزبی‌ دیمۆکراتی‌ کوردستان مامۆستا عه‌بدووڵڵا حه‌سه‌ن زاده‌، وتارێکی‌ پێشکه‌ش کرد. مامۆستا حه‌سه‌ن زاده‌، باسی‌ هۆیه‌کانی‌ خۆشه‌ویستیی‌ سمایلی‌ جوانه‌مه‌رگ له‌ نێو حیزبی‌ دیمۆکراتی‌ کوردستان‌و نه‌ته‌وه‌که‌ی‌دا کردو گوتی‌ سمایل سه‌رده‌شتی‌ چونکه‌ هونه‌رو گۆرانیی‌ خۆی‌ بۆ خزمه‌تی‌ ئاواته‌کانی‌ نه‌ته‌وه‌که‌ی‌ ته‌رخان کردبوو، هه‌ر کوڕی‌ حیزبی‌ دێموکرات نه‌بوو کورشی‌ هه‌موو میلله‌تی‌ کورد بوو و ئه‌م رێوره‌سمه‌ که‌م وێنه‌یه‌ که‌ بۆ به‌خاکسپاردنی‌ ئه‌و پێک هاتوه‌، به‌ڵگه‌یه‌ بۆ خۆشه‌ویستیی‌ ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ جوانه‌مه‌رگه‌.
دواتر مامۆستا مه‌لا جه‌ماڵ‌ به‌ نوێنه‌رایه‌تیی‌ یه‌کیه‌تیی‌ زانایانی‌ ئایینی‌، لقی‌ کۆیه‌، وته‌یه‌کی‌ پێشکه‌ش کردو سمایل سه‌رده‌شتی‌ به‌ شه‌هیدی‌ نه‌ته‌وه‌که‌ی‌ له‌قه‌ڵه‌م دا چونکه‌ له‌سه‌ر داواکردنی‌ ئازادی‌و مافه‌کانی‌ نه‌ته‌وه‌که‌ی‌ له‌ زێدو نیشتمانی‌ خۆی‌ راو نرابوو. له‌ درێژه‌ی‌ رێوره‌سمه‌که‌دا که‌ هه‌ر له‌سه‌ر مه‌زارگه‌ی‌ شه‌هیدانی‌ حیزبی‌ دێموکراتی‌ کوردستان به‌ڕێوه‌چوو، شاعیران ره‌سووڵ‌ سوڵتانی‌، بێبه‌ش‌و کۆمه‌ڵێکی‌ دیکه‌ له‌ ئۆگرانی‌ سمایل سه‌رده‌شتی‌، په‌خشان‌و وته‌ی‌ هاوده‌ردییان خوێنده‌وه‌.
له‌ کۆتایی‌ رێوره‌سمی‌ به‌خاکسپاردنی‌ سمایل سه‌رده‌شتی‌ دا، به‌شدارانی‌ رێوره‌سمی‌ پرسه‌و سه‌ره‌خۆشیی‌ خۆیان به‌ باوکی‌ هونه‌رمه‌ندی‌ جوانه‌مه‌رگ مام میرزای‌ باییزی‌ ئه‌مانێ‌‌و که‌سوکارو بنه‌ماڵه‌ی‌ ئه‌و گۆرانیبێژه‌ به‌هه‌ڵوێست‌و نیشتمانپه‌روه‌ره‌و به‌ رێبه‌ریی‌ حیزبی‌ دێموکراتی‌ کوردستان راگه‌یاند
…………………………………………………………………………………. 

په‌یامی سه‌ره‌خوشی به‌ بونه‌ی کوچی دوایی هونه‌رمه‌ندی کورد سمایل سه‌رده‌شتی
هه‌واله‌که‌ کورت بوو. سمایل سه‌رده‌شتی، هونه‌رمه‌ندی ناسراوی کورد له‌ رووداویکی هات و چو دا گیانی له‌ ده‌ست دا. من دلنیام که‌ سه‌دان و هه‌زاران که‌سی وه‌کوو من کاتیک ئه‌م هه‌واله‌ کوت و پره‌یان بیستووه‌ ئه‌ژنویان له‌رزیوه
و ته‌زوویه‌کی سارد سه‌رانسه‌ری له‌شیانی داگرتووه‌ و له‌ هه‌مان کات دا به‌م په‌ری ناهومیدی و بی ده‌سته‌لاتییه‌وه‌ هه‌ولیان داوه‌ خویان له‌ هه‌واله‌که‌ بدزنه‌وه‌‌ و هیوایان خواستوه‌ که‌ به‌لکوو راست نه‌بیت.
به‌لام راست بوو. دوست و هاوریی خوشه‌ویستی من، هونه‌رمه‌ندی ده‌نگ خوشی کورد سمایل سه‌رده‌شتی له‌ دوایین سه‌فه‌ری خوی نه‌گه‌راوه‌ بو باوه‌شی گه‌رمی هاوسه‌ر و منداله‌کانی و بو هه‌میشه‌ مالئاوایی له‌ ئیمه‌ و له‌ ژیان کرد. هونه‌رمه‌ند بارگه‌ی سه‌فه‌ریکی هه‌میشه‌یی تیکنا و ئیمه‌ش له‌ گه‌ل په‌ژاره‌یه‌کی هه‌تا هه‌تایی ماینه‌وه‌.
نووسینی ئه‌م چه‌ند دیره‌ پیش ئه‌وه‌ی په‌یامیکی پرسه‌ و سه‌ره‌خوشی بی بو بنه‌ماله‌ ، حیزب و هاورییان و هوگرانی هونه‌رمه‌ندی کوچکردوو له‌ راستی دا پیشاندانی بیزارییه‌که‌ له‌ به‌رامبه‌ر بی ئینسافی چاره‌نووس و چه‌رخی گه‌ردوون، هاواریکه‌ بو ده‌ربرینی خه‌میکی گران که‌ روح و جه‌سته‌ی داگرتووم. ئاخر ئه‌م کوچه‌ بی واده‌یه‌ ئاوا به‌ هاسانی له‌ لایان هه‌زاران هه‌زار هوگری ده‌نگ و سه‌دای سمایل سه‌رده‌شتییه‌وه‌ قه‌بوول نا‌کری. ئه‌وان ناتوانن باوه‌ر بکه‌ن که‌ ئیدی له‌مه‌ودوا چیدی سیمای گه‌شی هونه‌رمه‌ند له‌ سه‌ر په‌رده‌ی ته‌له‌فیزیونه‌کان نابینن و ده‌نگی زه‌لال و خوشی له‌ بلیندگوکان نابیسن.
من هه‌رچه‌ند شاره‌زاییم له‌ هونه‌ر و گورانی کوردی نییه‌ و له‌م باره‌وه‌ ناتوانم بوچونیکی ئه‌وتوم هه‌بی به‌لام به‌ لیکدانه‌وه‌یکی ئاماتورانه‌ و هه‌روه‌ها به‌م هه‌سته‌ی که‌ به‌ بیستینی ده‌نگ و تیکستی گورانییه‌کانی دوستی خوشه‌ویست و کوچکردووم له‌ لام دروست ده‌بوو ده‌توانم ئیدیعا بکه‌م که‌ سمایل سه‌رده‌شتی له‌ بواری تایبه‌تی خوی دا قوتابخانه‌یه‌کی نوی بوو که‌ له‌ ماوه‌ی چه‌ند سالی رابردوو دا توانی کاریگه‌ریکی بی وینه‌ی هه‌بی له‌ سه‌ر ژینگه‌ی فولکلور و گورانی کوردی. زالبوون به‌ سه‌ر هه‌لبه‌ست و ده‌ق دا، هات و چو کردنی ده‌ست به‌ جی و “فی البداهه‌” له‌ ناو بابه‌تی جور به‌ جوری کولتوری، کومه‌لایه‌تی و سیاسی دا که‌ هونه‌رمه‌ند له‌ کاتی گورانی چرین دا له‌ خوی نیشان ده‌دات پیشانده‌ری ئه‌و په‌ری لیوه‌شاوه‌یی و بلیمه‌تی سمایل سه‌رده‌شتی بوون. زمانی تیژی هونه‌رمه‌ند که‌ هه‌لگری باریکی به‌ هیزی ره‌خنه‌ی سیاسی و کومه‌لایه‌تی بوو به‌ تایبه‌ت له‌ پیناو وه‌دیهاتنی مافی نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌ هه‌موو پارچه‌کانی کوردستان دا ئه‌وی نه‌ ته‌نیا له‌ هاوتاکانی خوی جودا ده‌کرده‌وه‌ به‌لکوو بگره‌ گه‌لیک جارانیش تووشی گرفت و سه‌رئیشه‌ی ده‌کرد. بو نموونه‌ زیندانی کردن و مه‌جبوورکردنی هونه‌رمه‌ند به‌ به‌جیهیشتنی زید و شاری خوی که‌ له‌ لایان کوماری ئیسلامی ئیرانه‌وه‌ به‌ سه‌ری دا سه‌پابوو نیشانه‌یه‌کی حاشاهه‌لنه‌گری ئه‌م راستییه‌.
له‌ کوتایی دا پر به‌ دل سه‌رخوشی خوم ئاراسته‌ی بنه‌ماله‌، خزم و که‌س و دوستانی هونه‌رمه‌ندی کوچ کردوو و هه‌روه‌ها حیزبی دیموکراتی کوردستان ده‌که‌م و هیوادارم کوردستان بتوانی له‌ داهاتوو دا هونه‌رمه‌ندانی دیکه‌ له‌ داوینی خوی دا په‌روه‌رده‌ بکا، هونه‌رمه‌ندانیک که‌ بتوانن دریژه‌ده‌ری ریگای هونه‌ری سمایل سه‌رده‌شتی بن هه‌تا ئیمه‌ش دیسان بتوانین گوبیستی جوره‌ ده‌نگ و ئاوازیک بین که‌ تییان دا جیا و چه‌م و دیمه‌ن وخه‌لک و شار و گونده‌کانی کوردستان له‌و په‌ری جوانکاری دا به‌ یه‌ک ده‌گه‌ن.
ستوکهولم 2 مانگی ئووتی 2008
دوکتور خالید خه‌یاتی
………………………………………………………………………………….
یادێک له‌ سمایل سه‌رده‌شتی
پاییزی 2000 له‌ داوه‌تێک بانگ کرابووم، ئه‌و کات سمایل سه‌رده‌شتی گه‌رمه‌ و هه‌ره‌تی خوش‌ویستنی بوو، زۆر به ‌زه‌حمه‌ت بۆ شایی و داوه‌تان وه‌ده‌ست ده‌که‌وت،
ده‌بوو زۆر له‌ پێشتر دا قه‌ول و به‌لێنیت لێ ئه‌ستاندبا تا له‌ به‌زمێکی ته‌واو خه‌لکی و خۆمالی دا و بۆ گرتنی شایی و ره‌شبه‌ڵه‌کی کوردانه‌ ، نۆره‌ت به‌رکه‌وتبا.
هه‌ر ئه‌و کات من ده‌مبیسته‌وه‌ که‌ سمایل سه‌رده‌شتی هۆگریی و خۆشه‌ویستی بۆ حیزب هه‌یه‌ به‌ڵام هه‌ر له‌ ده‌رفه‌تێک ده‌گه‌رام تا په‌یامێکی کورتی بۆ بنیرم، راستییه‌که‌ی له‌ سمایل نیگه‌ران نه‌بووم چوونکه‌ په‌یامی من وه‌ک په‌یامێکی ریزدانان و حورمه‌ت گرتنی حیزب بوو بۆ سمایل سه‌رده‌شتی و ئه‌و کاره‌ش ولامی ناخۆش و نیگه‌تیڤی لێ چاوه‌روان نه‌ده‌کرا، من له‌ دڵه‌ خۆم دا دام نابوو که‌ سمایل به‌ ئیحتیاته‌وه‌ له‌ وڵام دا بڵێ” سوپاستان ده‌که‌م ” و هیچی تر ئاخر متمانه‌ کردن و خۆ له‌ کاری وا دان ده‌و کاتی دا گه‌لێ دژوار بوو.
هه‌رچۆنیک بوو په‌یامه‌که‌م به‌ دۆستێک دا که‌ ئیستا له‌ده‌ره‌وه‌ی ولاته‌ بۆ نارد، په‌یامه‌که‌ ئه‌وه‌ بوو”
کاک سمایل سه‌رده‌شتی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئیران ریز و خۆشه‌ویستی به‌رامبه‌ر خۆت و هونه‌ره‌که‌ت هه‌یه‌ وهیوای سه‌رکه‌وتنت بۆ ده‌خوازێ، هه‌روه‌ها هیوادارین هه‌ستی دۆستایه‌تیمان به‌گه‌رمی وه‌رگری.
چی پێ نه‌چوو ئه‌و براده‌ره‌ هاته‌وه‌ و که‌ لێم پرسی ئایا په‌یامه‌که‌ت گه‌یاند ده‌س به‌جێ کوتی به‌ڵێ به‌لام پێم وابێ ده‌بێ ئیمه‌ هه‌ستی دۆستایه‌تی وی به‌گه‌رمی وه‌رگرین! پرسیم مه‌به‌ستت چییه‌؟ کوتی کاکه‌ گیان سمایل ده‌لێ “به‌و براده‌ره‌بلێ سوپاسی هه‌ستی خۆشه‌ویستی ده‌که‌م به‌لام خۆشه‌ویستی حیزبی دیمۆکرات ده‌خوینم دایه‌ و تا خوێن ده‌ده‌ماره‌کانم دا بگه‌ڕێ ئه‌و خۆشه‌ویستییه‌ هه‌ر به‌تین تر ده‌بێ.”
ئه‌وه‌ هه‌لوێستی ئینسانێکی نه‌ترس و باوه‌ر به‌خۆ و بویر بوو که‌ له‌ کاتی زه‌برو زه‌نگی حاکمانی دڵ ره‌ش و ئازادی کوژی ئێران دا به‌ راشکاوی و بێ دڵه‌راوکێ ده‌ری ده‌بڕێ. من ده‌گه‌ل ئه‌و هاورێیه‌ سه‌رگه‌رمی ئه‌و قسانه‌ بووین دۆستیک هاته‌ لامان و کوتی: کوڕینه‌ با هه‌ڵێین ته‌قه‌یه‌! کوتم ته‌قه‌ی چی و ده‌ڵێی چی ؟ وڵامی داوه‌ کاکه‌ مه‌گه‌ر گوێت لێ نییه‌ سمایل ته‌قاندی! که‌ سه‌رنجمان دایه‌ له‌ گه‌رمه‌ی داوه‌تێ دا به‌ند به‌ به‌ند به‌ شه‌هیدانی مه‌نگورایه‌تی و گه‌ورکایه‌تی حیزبی هه‌ڵده‌کوت، ناوی شه‌هیدانی دانه‌ به ‌دانه‌ دێنا و هه‌مووشی به‌ شه‌هید بانگ ده‌کردن، به‌راستی من ئه‌و ده‌می ئه‌و کاره‌ی ئه‌وم پێ جۆرێک توندڕه‌وی و حه‌ره‌که‌تی ئێحساسی بوو، جگه‌ له‌مه‌ به‌ڕاستی ئه‌و چه‌ند که‌سه‌ی له‌ده‌وری یه‌ک راوه‌ستابووین خه‌ریک بوو داوه‌ته‌که‌ چۆل بکه‌ین و ئه‌گه‌ر له‌به‌ر عه‌یبه‌ی ده‌ورو به‌ر نه‌با من یه‌کێک له‌و که‌سانه‌ بووم که‌ داوه‌ته‌که‌م به‌جێ ده‌هێشت، چوونکه له‌و کات و ده‌مه‌ دا ئاوا به‌ئاشکرا باسی شه‌هیدانی شۆرش و به‌رخۆدانی گه‌لی کورد کردن کارێکی هینده‌ سووک و سانا نه‌بوو. 
ده‌راستی دا سمایل سه‌رده‌شتی وێرای ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌و کات وڵامی ناردبۆوه‌ که‌ خۆشه‌ویستی حیزب ده‌ده‌ماره‌کانی دا ده‌گه‌ڕێ به‌ڵام هه‌رگیز وه‌ک هونه‌رمه‌ندێکی حیزبی به‌رچاو ته‌نگ نه‌ی روانییه‌ رووداو و پێشهاته‌کان، بۆ نموونه‌ هه‌ر له‌ عه‌بدوڵڵا ئۆجالان سه‌رۆکی پارتی کریکارانی کوردستان را بگره‌ تا کاک مه‌سعوود و مام جه‌لال و زۆر که‌سایه‌تی دیکه‌ی کوردستانی ده‌کرده‌‌ هه‌وێنی به‌ند و هه‌ڵبه‌ستی خۆی و له‌ بۆنه‌ و مه‌راسیمه‌ نیشتمانییه‌کان دا وه‌ک کوردێکی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌رکی هونه‌ری خۆی به‌ پیی توانا به‌جێ ده‌گه‌یاند.
دیاره‌ ئه‌و کاره‌ی سمایل نه‌ک جارێک به‌ڵکوو چه‌ندین جار دووباره‌ کرایه‌وه‌ و تا وای لێ هات دوچاری زیندان و گرتن هات و له‌ هه‌مووش گرانتر له‌ گۆرانی کوتن مه‌نع کرا به‌ڵام من پێم وابێ سمایل سه‌رده‌شتی ئه‌و شێعره‌ی مامۆستا هێمنی ئاوێزه‌ی دڵ و ده‌روونی کردبوو:
هه‌تا دوژمن نه‌گه‌وزێنێ ده‌خوێنم
ده‌خوێنم بۆ گه‌لی خۆم هه‌ر ده‌خوێنم
هه‌ر بۆیه‌ تا دوا هه‌ناسه‌ له‌ پێدا هه‌ڵگوتن به‌ نیشتمانه‌ جوانه‌که‌ی، کوردستانه‌ ره‌نگینه‌که‌ی و شۆرش و به‌رخۆدان له‌ دژی داگیرکه‌رانی کوردستان سڵی نه‌کرده‌وه‌، سمایل سه‌رده‌شتی تا ما نقورچی له‌ دوژمنان گرت و بۆ شادی و شایی خه‌لک چریکه‌ی هات ، له‌ کانگای سه‌فا، له‌ لادێ و گونده‌وه‌ چاوی به‌ دنیا پشکوت و هه‌ر به‌و سه‌فا و خۆشه‌ویستییه‌ش له ‌گه‌ڵمان ژیا و هه‌ر واش به‌ جێێ هێشتین.
هه‌زاران سلاو له‌ گیانی پاکی هونه‌رمه‌ندی گه‌لی و نه‌ته‌وه‌یی سمایل سه‌رده‌شتی که‌ تا دوا هه‌ناسه‌ بۆ گه‌ل و وڵاته‌که‌ی به‌ په‌رۆش بوو و به‌ هونه‌ری گۆرانی کوتنی ته‌واو خۆماڵی ئه‌رکی نیشتمانی خۆی به‌ جێ گه‌یاند. 
برایم جه‌هانگیری2008
………………………………………………………………………………..

سوپاسنامه‌ی بنه‌ماڵه‌ی هونه‌رمه‌ند سمایل سه‌ر‌ده‌شتی

به‌ ناوی ئازادی
به‌بۆنه‌ی کۆچی نابه‌وه‌ختی هونه‌رمه‌ندی میللی و بولبولی ده‌نگ خۆشی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان “سمایل سه‌رده‌شتی” له‌لایه‌ن ئه‌حمه‌د ئیبراهیمی ناسراو به ‌ئه‌حمه‌د میرزا، برای خوالێخۆشبوو “سمایل سه‌رده‌شتی”
سوپاس و ئه‌مه‌کناسی خۆم و بنه‌ماڵه‌که‌م ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م گه‌لی کوردستان به‌گشتی و حیزبی دێموکراتی کوردستان به‌ تایبه‌تی ده‌که‌م که‌له‌سه‌ر شان و هه‌ست و بیری ئه‌و کادرو پێشمه‌رگانه‌ که‌ کۆتری ئارام و بێده‌نگی “سمایل” یان به‌شکۆیه‌کی ته‌واوه‌وه‌ وێڕای ڕووحی به‌رزی ئاڵای کوردستان به‌ره‌وه‌ گۆڕستانی شه‌هیدانی حیزبی دێموکراتی کوردستان له‌ کۆیه‌ به‌ڕێکرد.
ئه‌و ده‌ستانه‌ی له‌ناو ده‌ستی “سمایل” گرێدران، ئه‌و سۆمایانه‌ی بوون به‌هاوڕێی و ئه‌و ده‌نگانه‌ی تێکه‌ڵاو به‌ده‌نگی “سمایل” بوون، بۆنی به‌رخۆدان و توانای شۆڕشیان خسته‌وه‌ ناو دڵی “سمایل” و هاوڕێیانی له‌ناو حیزبی دێموکراتی کوردستان. له‌بیرم ناچێ که‌ خه‌ڵکی به‌شه‌ڕه‌فی باشووری کوردستان که‌ ده‌نگتان هێزی سروودی ئه‌ی ڕه‌قیب و هه‌نگاوه‌کانتان وره‌ی تازه‌یان کرده‌ دیاری بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان.
“سمایل” سه‌رده‌شتی بۆ کوردستان ژیاو بۆ گه‌له‌که‌ی ده‌نگی به‌رز کرده‌وه‌و بۆ نه‌ته‌وه‌که‌ی مرد.سوپاس و ڕێزی خۆمان پێشکه‌ش به‌ سه‌رجه‌م کوردستانیانی سه‌رانسه‌ری جیهان ده‌که‌ین که‌ به‌ ڕێکخستنی کۆڕی ماته‌مینی، یان به‌ ته‌له‌فۆن و فاکس و ئیمه‌یڵ باری قورسی ئه‌و مه‌رگه‌ نابه‌وه‌خته‌یان له‌سه‌ر لابردین.
سه‌ری ڕێزو حوڕمه‌ت و نه‌وازش داده‌نوێنم بۆ هه‌ستی کوردانه‌تان و بۆ ڕووحی به‌رزی سمایل سه‌رده‌شتی، سوپاس بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان و هه‌موو لایه‌نگرو ئه‌ندامانی.
سوپاس بۆ کۆمیته‌ی حیزب له‌ ئوسترالیاو سه‌رجه‌م کوردانی دانیشتووی شاری ئه‌ده‌لاید که‌ سێ شه‌وو سێ ڕۆژ بوون به‌میوانی ده‌نگه‌ هه‌رگیز نه‌مره‌که‌ی “سمایل” و به‌ یه‌ک ده‌نگ ئه‌م شیعره‌یان ده‌گووته‌وه‌:
پێی ناوێ بۆ شه‌هیدی وه‌ته‌ن شیوه‌ن و گرین
نامرن ئه‌وانه‌ وا له‌دڵی میلله‌تا ئه‌ژین
سوپاس بۆ سه‌رجه‌م ئه‌و ساییته‌ کوردیانه‌ که‌ هه‌ر له‌ڕۆژی یه‌که‌مه‌وه‌ مه‌رگی سمایل سه‌رده‌شتی یان کرده‌ خه‌می خۆیان. هه‌روه‌ها سوپاسی هه‌موو ئه‌و کاناڵه ته‌له‌ڤیزیۆنه‌‌ کوردیانه‌ ده‌که‌م که‌ سیمای سمایل یان کرده‌ میوانی ئاڵای کوردستان و بۆنی گۆرانیه‌کانیان له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهان دا بڵاو کرده‌وه‌.
وه‌رن با وه‌ک سمایل سه‌رده‌شتی ده‌نگمان ترس بخاته‌ ناو دڵی دوژمنان و مه‌رگیشمان سه‌ربه‌رزی به‌دیاری بێنێ.
وه‌رن با ڕێگای سمایل و سه‌رجه‌م شه‌هیدانی کوردستان به‌رنه‌ده‌ین و به‌شیعرو سروود و گۆرانی ڕووحی شه‌هیدی تازه‌مان شاد که‌ین.
به‌ سوپاسه‌وه‌
ئه‌حمه‌د ئیبراهیمی
ئوسترالیا – ئه‌ده‌لاید 2008.08.04