محه‌ممه‌د عوسمانی

خه‌ڵکی : له‌یلانێ

له ‌دایکبووی : له‌یلانێ 1977

رێکه‌وتی شه‌هیدبوون 2008.12.03

شوێنی شه‌هیدبوون : …

شوێنی گڵکۆ : …

چۆنیه‌تی شه‌هیدبوون : لە هەوڵی رەزگار کردن دا.

پله‌ی ته‌شکیلاتی : ئەندام

کوردستان و کوردنیوز چه‌ند تێکۆشه‌رێکی کورد هه‌وڵی ئازاد کردنی به‌ندییه‌کی سیاسی به‌ ئێعدام مه‌حکووم کراوی‌ کورد ده‌ده‌ن و له‌ ئاکامدا مه‌ئموورانی به‌کرێگیراوی‌ رێژیم، شه‌هیدی‌ ده‌که‌ن.
به‌ پێی ئه‌و هه‌واڵ و زانیاریانه‌ی‌ که‌ له‌ سه‌رچاوه‌کانی نزیک به‌ به‌ رووداوه‌که‌وه‌ به‌ ناوه‌ندی‌ “کوردستان و کوردنیوز” گه‌یشتوون، رۆژی‌ چوارشه‌ممه‌ 2008.12.03 کاتژمێری 8:30ی‌ پێش نیوه‌رۆ ماشێنێکی راگوازتنی زیندانیانی سیاسی سه‌ر به‌ ئیتلاعاتی سیاسی سپای‌ پاسداران که‌ به‌ندییه‌کی سیاسی به‌ ئێعدام مه‌حکووم کراوی‌ کورد به‌ ناوی‌ “محه‌ممه‌د عوسمانی” ناسراو به‌ (محه‌ممه‌دی‌ برایم به‌گ)ی‌ پێ ده‌بێ و به‌ مه‌به‌ستی به‌ڕێوه‌بردنی حوکمه‌که‌ی‌ ده‌یانه‌وێ‌ له‌ زیندانی سه‌رده‌شته‌وه‌ بۆ زیندانی مه‌هابادی‌ رایگوێزن له‌ لایه‌ن چه‌ند تێکۆشه‌رێکی ئازای‌ کورده‌وه‌ پێشی پێ ده‌گیرێ‌ و داوای‌ راوه‌ستانی لێ ده‌کرێ‌.
به‌ پێی هه‌واڵ مه‌ئموورانی به‌ کرێگیراوی‌ رێژیم بێ گوێدان به‌ داوای‌ تێکۆشه‌رانی کورد هه‌وڵی رفاندنی به‌ندیی سیاسی کورد، محه‌ممه‌د عوسمانی و خۆ ده‌رباز کردن ده‌ده‌ن که‌ له‌ لایه‌ن تێکۆشه‌رانی به‌ هه‌ڵوێسته‌وه‌ پێشیان پێده‌گیرێ‌ و تێکهه‌ڵچوون له‌ نیوان هه‌ر دوولادا دێته‌ ئاراوه‌.له‌ درێژه‌ی‌ ئه‌م تێکهه‌ڵچوونه‌دا له‌ کاتێک دا که‌ ئه‌و چه‌ند تێکۆشه‌ره‌ ده‌یانه‌وێ‌ به‌ندکراوی‌ ناوبراو رزگار بکه‌ن، له‌ لایه‌ن یه‌کێک له‌ مه‌ئموورانی رێژیمه‌وه‌ ده‌سرێژی‌ لێده‌کرێ‌ و به‌داخه‌وه‌ کاک محه‌ممه‌د عوسمانی ناسراو به‌ محه‌ممه‌دی‌ برایم به‌گ هه‌ر له‌وێ‌ شه‌هید ده‌بێ.
به‌ دوای‌ شه‌هید بوونی تێکۆشه‌ری‌ کورد محه‌ممه‌د برایم به‌گ، رۆڵه‌ به‌ هه‌ڵوێسته‌کانی کورد له‌ مه‌ئموورانی رێژیم وه‌خۆ ده‌که‌ون و له‌ ئاکامدا دوو ده‌ره‌جه‌داری‌ ئیتلاعاتی سپای‌ پاسداران به‌ ناوه‌کانی ته‌یموری‌ و بابایی ده‌کوژرێن.
له‌ پێوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م رووداوه‌دا، حه‌سه‌ن قادرزاده‌ به‌رپرسی ته‌شکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێرای‌ پشت راستکردنه‌وه‌ی‌ ئه‌م هه‌واڵه‌ سه‌باره‌ت به‌ که‌سایه‌تی شه‌هید محه‌ممه‌د عوسمانی ناسراو به‌ محه‌ممه‌دی‌ برایم به‌گ و هۆی‌ گیران و زیندانی کردنی ناوبراو له‌ لایه‌ن هێزه‌ سه‌رکوتکه‌ره‌کانی رێژیمه‌وه‌ به‌ “کوردستان و کوردنیوز″ی‌ راگه‌یاند که‌: شه‌هید محه‌ممه‌د عوسمانی یه‌کێک له‌ ئه‌ندامانی چالاک و نیشتمانپه‌روه‌ری‌ حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو. ناوبراو ساڵی 1976 له‌ ئاوایی له‌یلانی سه‌ر به‌ ناوچه‌ی‌ ره‌به‌ت و له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌کی تێکۆشه‌ر و نیشتمانپه‌روه‌ر له‌ دایک بوو. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یکه‌ هه‌میشه‌ له‌ خزمه‌ت گه‌ل و نیشتمانه‌که‌ی‌ دا بوو به‌ڵام به‌ شێوه‌ی‌ ره‌سمی هاوینی ساڵی 2005 دوای‌ رزگار کردنی هونه‌رمه‌ندی‌ جوانه‌ مه‌رگ “سمایل سه‌رده‌شتی” له‌ چنگی هێزه‌ سه‌رکوتکه‌ره‌کانی رێژیم ـ که‌ شه‌هید محه‌ممه‌د رۆڵێکی گرینگی له‌م کاره‌ دا گێرا ـ پێوه‌ندی‌ به‌ ته‌شکیلاتی‌ نهێنی‌ حیزبه‌وه‌ گرت و وه‌ک ئه‌ندامێکی چالاک و هه‌ڵسووڕی‌ حیزبی دێموکراتی کوردستان کار و تێکۆشانی ده‌ست پێکرد. به‌ تایبه‌ت له‌م یه‌ک ـ دوو ساڵه‌ی‌ دوایی دا زیاتر کاتی خۆی‌ بۆ راپه‌راندنی ئه‌رکه‌ نیشتمانی و حیزبییه‌کانی ته‌رخان کردبوو. هه‌ر بۆیه‌ هێزه‌ دژی‌ گه‌لییه‌کانی رێژیم لێی به‌ گومان ده‌بن و ده‌یخه‌نه‌ ژێر چاوه‌دێرییه‌وه‌و هاوینی ساڵی 2007 ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌کرێ‌ و پاشان به‌ زه‌مانه‌تێکی قورس و به‌ شێوه‌ی‌ کاتی ئازاد ده‌کرێ‌. دووهه‌مین جار له‌ پاییزی‌ ئه‌مساڵ دا قۆڵبه‌ست ده‌کرێته‌وه‌ و له‌ داداگایی کردنێکی فه‌رمایشی دا به‌ تاوانی هاوکاری‌ له‌گه‌ڵ حیزبی دێموکراتی کوردستان حوکمی له‌ سێداره‌ دانی بۆ ده‌بڕدرێته‌وه‌ و له‌ ئاکامدا وێرای‌ هه‌وڵی چه‌ند تێکۆشه‌رێکی ئازای‌ گه‌ل بۆ رزگار کردنی، له‌ لایه‌ن مه‌ئموورانی رێژیمه‌وه‌ شه‌هید ده‌کرێ‌.
له‌م پێوه‌ندییه‌دا کۆمیسیونی ته‌شکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان سه‌ره‌خۆشی له‌ بنه‌ماڵه‌ی‌ سه‌ربه‌رزی‌ شه‌هید “محه‌ممه‌د عوسمانی” و خه‌ڵکی ناوچه‌ی‌ ره‌به‌ت و سه‌رجه‌م مافخوازانی کورد و هاوسه‌نگه‌رانی ده‌کات.