هه‌مزه‌ عه‌بدوڵڵاهی

ناسراو بە : هه‌مزه‌ سارتکه‌یی

خه‌ڵکی : سارتکێ

له ‌دایکبووی : سارتکێ 1964

رێکه‌وتی شه‌هیدبوون: 2008.08.13

شوێنی شه‌هیدبوون : گردێنه

شوێنی گڵکۆ : …

چۆنیه‌تی شه‌هیدبوون : ده‌رگیری

پله‌ی ته‌شکیلاتی : کادر

هه‌مزه‌ كوڕى حه‌سه‌ن ساڵى ١٣٤٣ی هه‌تاوی له‌ گوندى سارتكێی ناوچه‌ی ره‌به‌ت له‌ بنه‌ماڵه‌يه‌كى كاسب و زه‌حمه‌تكێشدا هاته‌ سه‌ر دنيا. هه‌ر له‌ گوندى سارتكێ دا ڕووى كرده‌ قوتابخانه‌ و تا پۆلى پێنجى سه‌ره‌تايى له‌و گوندە دا درێژه‌ى به‌ خوێندن دا. دواى ئه‌وه‌ بۆ درێژه‌ پێدانى خويێدن رێگاى شارى ڕه‌بەتى گرته‌ به‌رو تاپۆلى سێهەمى ناوه‌ندی درێژه‌ى به‌خوێندن دا. به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ وێراى ئه‌ندامانى بنه‌ماڵه‌كه‌ى ڕووى كرده‌ ده‌شت و مه‌زرا و شانى دايه‌ به‌ر كار و كاسبى.
كه تێكؤشانى ئاشكراى حيزبى دێموكراتى كوردستان ده‌ستى پێكردو له‌ زۆر شار و گوندی كوردستان بنكه‌ و بارگاى حيزبى دێموكرات دامه‌زران، نابراو پێوه‌ندیى به‌ ته‌شكيلاتى حيزبه‌وه‌ گرت. به‌ڵام له‌ به‌هارى ساڵی ١٣٦٠ى هه‌تاوی دا خۆى گه‌يانده‌ نێو ريزى تێكۆشه‌رانى حيزب و چه‌كى پێشمه‌رگايه‌تى كرده‌ شان و درێژه‌ى به‌ كارى حيزبى دا. له‌ ماوه‌یه‌كى زۆر كورت دا خۆى ده‌رخست و بوو به‌ خۆشه‌ويستى خەڵكی ناوچه‌. پاش يه‌ك ساڵ مانه‌وه ‌له‌ نێو ريزه‌كانى حيزب دا به‌رپرسايه‌تى فه‌رمانده‌رى په‌لى پێدرا و زۆر به‌ باشی ئه‌و پۆسته‌ى به‌رێوه‌ برد و له زۆر عه‌مه‌لياتى گه‌وره‌ و بچووك دا به‌شداریی كرد. ساڵى ١٣٦٢ى هه‌تاوى به‌ هۆی لێوه‌شاوه‌يى به‌رپرسايه‌تى جێگرى فه‌رمانده‌رى ده‌سته‌ى پێدراو له‌و پۆسته‌ش دا سه‌ركه‌وتوو هاته‌ده‌ر. به‌ دواى ئه‌وه‌ دا ساڵى ١٣٦٣ى هه‌تاوى به‌رپرسايه‌تیى فه‌رمانده‌رى ده‌سته‌ى پێدراو زۆر به باشى ئه‌و به‌رپرسايه‌تيه‌شى به‌رێوه‌ برد. له سازمانده‌یى نوێى حيزب له‌ هاوينى ١٣٦٥ى هه‌تاوى دا كرايه‌ جێگرى فه‌رمانده‌رى لك و زۆر ئازايانه‌ ئه‌و پۆسته‌شى به‌رێوه‌ برد.‌ به‌هارى ساڵى ١٣٦٦ى هه‌تاوى به‌رپرسايه‌تیى جێگرى هێزى پێدرا و له‌و پۆسته‌ش دا سه‌ركه‌وتوو هاته‌ده‌ر. له‌وپۆسته‌ی دا جارێك به‌ سووكى بريندار بوو. دروست له‌و كاتانه‌ دا بوو كه‌ ژيانى هاوبه‌شى پێك هێناو بوو به‌ خاوه‌نی ماڵ‌ومنداڵ. ساڵى ١٣٦٨ى هه‌تاوى وه‌ك فه‌رمانده‌رى لك درا به ‌هێزى ئاربا‌باى بانه‌. به‌ڵام‌ ساڵى ١٣٦٩ى هه‌تاوى دا به‌رپرسايەتى فه‌رمانده‌رى هێزى ئاربه‌باى بانه‌ى پێدرا و تا ساڵى ١٣٧٢ى هه‌تاوی ئه‌و پۆسته‌ی به‌رێوه‌ برد. دروست له‌و كاته‌ دا بوو كه‌ دايكى كۆچى دوايى كرد. ساڵى ١٣٧٢ى هه‌تاوى وه‌ك جێگرى هێز درا به‌ سەقز و بۆ ماوه‌ی سێ ساڵ له‌ مه‌ڵبه‌ندى ٢ى جنووبى كوردستان ئه‌رک وبه‌رپرسایه‌تیی حیزبیی به‌رێوه‌برد. ساڵى١٣٧٥ى هه‌تاوى به‌رپرسايه‌تیى جێگرى هێزى زمزيرانى له‌ ناوچه‌ى ڕ‌ه‌به‌ت پێسپێردرا. دروست له‌و ساڵه‌ دا باوكى كۆچى دوايى كرد. له‌ ساڵى ١٣٧٧ى هه‌تاوى دا كرايه‌ ئه‌ندامى ناوەندى ٢ى كوردستان.‌ له ساڵى ١٣٨٣ى هه‌تاوى دا پله‌ى كادرى ده‌ره‌جه‌ ٢ى پێدرا. ناوبراو له‌ كؤنگره‌كانى ١٢ و ١٤ دا به‌شداربوو. له‌ كۆنگره‌ى ١٤‌ دا خۆى بۆ جێگرى كوميته‌ی ناوه‌ندى پاڵاوت. بەڵام به‌داخه‌وه‌ ده‌نگی پێویستی نه‌هێناوه‌. دواى ته‌واو بوونى كۆنگره‌ى ١٤‌ ناوبراو به‌رپرسايه‌تى گشتی ته‌داروکاتی حيزبى پێسپێردرا. ناوبراو له‌ ماوه‌ى پێشمه‌رگايه‌تی دا ٣ جار بريندار بوو .
لە ٠١ / ٠٥ / ١٣٨٧ ى هه‌تاوى دا به‌ مه‌به‌ستى كارى حيزبى به‌ره‌و رۆژهەڵاتى كوردستان كه‌وته رێ. به‌ڵام پاش ٢٢ رۆژ كه‌ گه‌رانه‌وه‌ بۆ باشوورى كوردستان، له‌ گوندى (گردێنە) وێراى ٢ هاوسه‌نگه‌رى به‌‌ ناوه‌كانى قادر نه‌زمى و قادر قادرى كه‌وته‌ به‌ر گو‌لـله‌‌ى داگيركه‌رانى كوردستان به‌داخێکی گرانه‌وه‌ شه‌هيد بوون كه ته‌رمه‌كانيان كه‌وته‌ به‌ر ده‌ستى دوژمن و بێ سه‌رو شوێن كران كه‌ ئێستاش هيچ هه‌واڵێكى دروست له‌ ‌شوێنى به‌ خاك سپاردنيان نيه‌. هه‌مزه‌ی قاره‌مان له‌ ماوه‌ى پێشمه‌رگايه‌تی دا قه‌ت شه‌رمى له‌ دوژمن نه‌كرد و له‌ زۆر عه‌مه‌لياتى گه‌وره‌ و بچووك دا به‌شدارى كرد و زه‌برى به‌ ژانى له‌ دوژمن وه‌شاند.
كاتێك ناوبراو شه‌هيد بوو، خەڵكى كوردستان ده‌ستى خۆيان بۆ له‌ ئه‌ژنۆ دا زۆر له‌ که‌سایه‌تیی تێکۆشه‌رو نیشتمانپه‌روه‌ر په‌يامى پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشى خۆيان بۆ حيزبى دێموكراتى كوردستان نارد. به‌ڵام داخه‌كه‌م ئه‌وه‌ی له‌ هه‌مووی ناخۆشتر بوو، ئەوە بوو كه‌ باوكی ژیما له‌ سه‌فه‌ری دوای دا بۆ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان نه‌گه‌رایه‌وه لاى ژیما. ژیما و جگه‌رگۆشه‌کانی دیکه‌ی هه‌مزه‌، ئیدی باوکی خۆشه‌یستیان نه‌دیته‌وه‌. به‌ڵام من دڵنیام رۆژێک له‌ رۆژان به‌رهه‌می خه‌بات‌و گیانبه‌خشینی (هه‌مزه‌ سارتکه‌یی و هاوڕێ شه‌هیده‌کانی قادر نه‌زمی و قادر قادری) و هه‌موو شه‌هیدانی کوردستان، دێته‌دی و رۆژهه‌ڵاتی کوردستان رزگاری‌و سه‌ربه‌ستی به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێ. دڵنیام ئه‌و ڕۆژه‌، ژیماو سه‌رجه‌م یادگاره‌کانی شه‌هیدان، وه‌ڵامی پرسیارو چاوه‌ڕوانییه‌کانی خۆیان وه‌رده‌گرته‌وه‌.

ئه‌حمه‌د مه‌كڵاوه‌یی
زه‌ویه‌ سپی ده‌شتی كۆیه
رێكه‌وتی 10/5/ 1391ی هه‌تاوی