
خه‌ڵکی :پیرانشار
له دایکبووی : 1972
کاتی شه‌هیدبوون : 2018.09.08
شوێنی شه‌هیدبوون : قەڵا
شوێنی گڵکۆ : کۆیە
چۆنیه‌تیی شه‌هیدبوون : مووشەک باران
ئەندامی جێگری کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان
شه‌هید سوهه‌یلا قادری کچی کاک محه‌ممه‌د ناسراو به ئه‌حمه‌د سیمبان، ساڵی 1351ی هه‌تاوی، له بنه ماڵه‌یه‌کی خۆش ناو و پێشمه‌رگه‌په‌روه‌ر و نیشتمان خۆشه‌ویست چاوی بۆ ژیان کرده‌وه. له ته‌مه‌نی 6ساڵیدا وێڕای خوشکه‌کانی ڕێگای خوێندنگه‌ی گرته به‌ر و له‌گه‌ڵ پیته‌کانی ئهلف و بێ ئاشنا بوو.
به‌ڵام له کۆتایی پۆلی دووی سه‌ره‌تاییدا بوو که ڕاپه‌ڕینی گه‌لانی ئێران ده‌ستی پێ کرد و، به دوای به گۆڕسپاردنی ڕێژیمی پاشایه‌تی و ده‌ست پێ کردنه‌وه‌ی تێکۆشانی ئاشکرای حیزبی دێموکڕاتی کوردستاندا، کاک ئه‌حمه‌دی باوکی پێوه‌ندیی ته‌شکیلاتی له‌گه‌ڵ ئه‌و حیزبه دامه‌زراند و، دوو کامیۆنی شاره‌داریی وه‌ک ده‌سکه‌وت ته‌حویلی حیزب دان و به بنه‌ماڵه‌وه که دایک و باوک و سێ خوشک و دوو برا بوون تێکه‌ڵ به ڕیزه‌کانی حیزبی دێموکڕات بوون و شاریان به‌جێهێشت. کاک ئه‌حمه‌د خۆی و دوو کیژی ڕووسووری به ناوه‌کانی فه‌ریده و شوعله و خاتوو ئامینه‌ی خێزانی چه‌کی پێشمه‌رگه‌یان کرده شان و تێکه‌ڵ به کۆڕی دیفاعی چه‌کدارانه بوون.
سوهه‌یلا پۆله‌کانی خوێندنی له سێیه‌می سه‌ره‌تاییه‌وه تا کۆتایی یه‌که‌می ده‌بیرستان له خوێندنگه‌کانی حیزب‌دا گه‌یاندنه کۆتایی. ساڵی 1365 له‌گه‌ڵ پۆلێک له کیژ و لاوانی بنه‌ماڵه‌ی ئه‌ندامانی ده‌فته‌ری سیاسی پێوه‌ندیی ته‌شکیلاتییان له‌گه‌ڵ حیزبه‌که‌یان دامه‌زراند. هه‌ر ئه‌و ساڵه پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ یه‌کیه‌تیی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان دامه‌زراند و، وه‌ک ئه‌ندامێکی چالاک و هه‌ڵسووڕ ئه‌رکی وه‌ئه‌ستۆ گرت. سوهه‌یلا له ساڵی 1367ته‌وه به‌رده‌وام به‌رپرسایه‌تیی شانه‌ی ته‌شکیلاتیی به‌شێک له ئه‌ندامانی حیزبی له ئه‌ستۆ بوو.
خاتو سوهه‌یلا ساڵی 1368 پاش دیتنی ده‌وره‌ی مامۆستایی له کۆڕی په‌روه‌رده‌ی حیزبی دێموکڕات‌دا وه‌ک مامۆستای گه‌وره‌ساڵان دیاری کرا و، دڵسۆزانه درێژه‌ی به ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌رکی دژی نه‌خوێنده‌واریی دا. ساڵی 1369 به هۆی ئه‌وه که به هه‌وڵ و تێکۆشانی بێ وچانی دوو ده‌وره له پۆله‌که‌ی به سه‌رکه‌وتنه‌وه بڕیبوون، له لایه‌ن کۆڕی په‌روه‌رده‌وه به نووسراوه ته‌شویق کرا.
ساڵی 1370ی هه‌تاوی له‌گه‌ڵ کادری تێکۆشه‌ر و ماندوویی نه‌ناسی حیزب کاک مه‌نسووری خوسره‌وی ژیانی هاوبه‌شیی پێک هێنا و، به‌رهه‌می ئه‌و ژیانه سه‌ربه‌رزانه‌یه کیژ و لاوێک به ناوه‌کانی نه‌مام و ئارامن.
خاتو سوهه‌یلا ساڵی 1374 دوای ده‌وره‌یه‌کی دیکه و دوو ساڵ مامۆستایی، له ده‌وره‌یه‌کی دیکه‌ی مامۆستاییدا به‌شداریی کرد و به ماوه‌ی چوار ساڵی دیکه ده‌رسی گه‌وره‌ساڵانی گوته‌وه.
ساڵی 1376 که له‌گه‌ڵ کۆمیسیۆنی ڕادیۆی ده‌نگی کوردستان بۆ که‌رکووک نه‌قڵ کران، وه‌ک سه‌رشانه‌ی ژنانی بنه‌ماڵه‌کانی ڕادیۆ ئه‌رکی وه ئه‌ستۆ گرت و، دوای ساڵێک له‌گه‌ڵ گوێگرانی ڕادیۆ له پێوه‌ندیدا بووکه له ڕێگای بێته‌ل و ته‌له‌فوونه‌وه تێکۆشانی به‌رده‌وام بوو.
به دوای گه‌ڕانه‌وه‌مان له که‌رکووکه‌وه بۆ ناوچه‌ی کۆیه، خاتو سوهه‌یلا ئه‌رکی مامۆستایی وه ئه‌ستۆ گرته‌وه و، ساڵی 1382 له سێیه‌مین کۆنفڕانسی یه‌کیه‌تیی ژنانی دێموکڕاتی کوردستاندا ده‌نگی متمانه‌ی به‌شدارانی کۆنفڕانسی مسۆگه‌ر کرد و به ئه‌ندامی به‌ڕێوه‌به‌ریی ئه‌و یه‌کیه‌تییه هه‌ڵبژێرا. ساڵی 1384 له دیتنی ده‌وره‌یه‌کی ده‌رمانیدا له نه‌خۆشخانه‌ی ئازادی پله‌ی یه‌که‌می وه‌ده‌ست هێنا. هه‌ر له‌و ساڵه له فێرگه‌ی سیاسی_نیزامی وه‌ک مامۆستا ده‌رسی مافی ژنانی گوتۆته‌وه. ساڵی 1385 له یه‌که‌م کۆنگره‌ی یه‌کیه‌تیی ژناندا بۆ جارێکی دیکه به ئه‌ندامی به‌ڕێوه‌به‌ریی هه‌ڵبژێرایه‌وه.
خاتو سوهه‌یلا له ماوه‌ی ساڵه‌کانی 80 تا 81 له ده‌وره‌ی سیاسی‌دا به‌شدار بووه که یه‌که‌میان له لایه‌ن یه‌کیه‌تیی ژنان و دووهه‌میان له لایه‌ن کۆمیسیۆنی ته‌شکیلاته‌وه به‌ڕێوه چووه.
پاییزی ساڵی 1385 ته‌واو وه‌خت و به کرده‌وه به‌رگی پڕ له سه‌روه‌ریی پێشمه‌رگه‌ی پۆشی و بۆ دیتنی ده‌وره‌ی سه‌ره‌تایی پێشمه‌رگه ڕه‌وانه‌ی فێرگه‌ی سیاسینیزامی کرا. دوای دیتنی ده‌وره‌که‌ی له ڕادیۆی ده‌نگی کوردستاندا وه‌ک وێژه‌ر و ئاماده‌کاری به‌رنامه و، وه‌رگێڕانی هه‌واڵه‌کان ئه‌رکی وه ئه‌ستۆ گرت. ساڵی 1386 له کۆنگره‌ی 14ی حیزب‌دا که دووهه‌مین کۆنگره بوو به‌شداریی تێدا ده‌کرد، ده‌نگی متمانه‌ی به‌شدارانی کۆنگره‌ی وه‌ده‌ست هێنا و به ئه‌ندامی جێگری کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی هه‌ڵبژێراو، دوای کۆنگره به جێگری به‌رپرسی،کۆمیسیۆنی ڕایۆ دیاری کرا. خاتو سوهه‌یلا له ماوه‌ی ساڵانی 85 و 86دا سێ له‌وحه‌ی ڕێز لێنانی پێ به‌خشراوه که یه‌که‌میان له لایه‌ن ده‌فته‌ری سیاسی له ساڵڕۆژی ڕادیۆدا و، له لایه‌ن کۆمیسیۆنی ئامووزش بۆ وه‌ده‌ست هێنانی پله‌ی یه‌که‌م، له فستیڤاڵی پێشمه‌رگه‌دا له بواری شیعر و 25 ساڵه‌ی فێرگه‌ی سیاسینیزامی به بۆنه‌ی کاری به‌رده‌وامی له‌گه‌ڵیاندا. ساڵی 1387 له کاناڵی ئاسمانیی کوردکاناڵ‌دا وه‌ک وێژه‌ری هه‌واڵ و له هه‌مان کاتدا ئاماده‌کاری به‌رنامه ئه‌رکی وه ئه‌ستۆ گرت. هه‌ر ئه‌و ساڵه له دووهه‌مین کۆنگره‌ی یه‌کیه‌تیی ژناندا به ده‌نگی زۆرینه‌ی به‌شداران به سکرتێری گشتیی ئه‌و یه‌کیه‌تیه هه‌ڵبژێرا. له‌م دواییانه‌شدا وه‌ک ئه‌ندامی هه‌یئه‌تی ناوه‌ندی هاوکاریی حیزبه‌کانی کوردستانی ئێران دیاری کرا و له چه‌ند کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌و پێنج حیزبه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتدا به‌شداریی چالاکانه‌ی کرد. هه‌روه‌ها له به‌شی ته‌شکیلاتیشدا ئاڵقه‌ی پێوه‌ندیی نێوان به‌شێک له ژنانی ئه‌ندام له نێوخۆ و کۆمیسیۆنی ته‌شکیلات بوو.
خاتوو سوهه‌یلا له بواری ئه‌ده‌بیشدا ئۆگریه‌کی له ڕاده‌به‌ده‌ری به شیعر و ئه‌ده‌بیاتی کوردیی هه‌بوو. ساڵی 1385 یه‌که‌مین کۆمه‌ڵه شیعری له لایه‌ن یه‌کیه‌تیی لاوانه‌وه له وڵاتی سوئێد چاپ و بڵاو کرایه‌وه، هه‌روه‌ها ساڵی 1387 له تاقی کردنه‌وه‌ی بواری ئه‌ده‌بیدا به شێوه‌ی موته‌فه‌ریقه له شاری هه‌ولێر بڕوانامه‌ی دیپڵۆمی وه‌ده‌ست هێنا.
یه‌کێک له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی خاتوو سوهه‌یلا که له بنه‌ماڵه‌یه‌کی پێشمه‌رگه و پێشمه‌رگه په‌روه‌ردا باوخۆش ببوو ئه‌وه بوو که له کار نه‌ده‌ترسا، له تێکۆشان‌دا ماندوویی نه‌ناس و پشوو درێژ بوو. هه‌ر ئه‌رک و به‌رپرسایه‌تییه‌ک له لایه‌ن حیزبه‌وه بۆی دیاری کرابایه به گیان و به دڵ قه‌بووڵی ده‌کرد. به‌ڵام به داخه‌وه ئه‌ویش به‌و ئاواته نه‌گه‌یشت که هه‌وڵی بۆ دا و به جوانه‌مه‌رگی سه‌ری نایه‌وه. له مووشه‌ک بارانه‌که‌ی قه‌ڵای دێموکڕات‌دا شه‌هید کرا و تێکه‌ڵ به کاروانی نه‌مران بوو.