قادر قادری

خه‌ڵکی : پیرانشار

له ‌دایکبووی : ….

کاتی کۆچی دوایی : 2018.03.06

شوێنی شه‌هیدبوون : هه‌رته‌لێ

شوێنی گڵکۆ : کۆیە

چۆنیه‌تی شه‌هیدبوون : تیرۆر

کادری حیزبی دێموکراتی کوردستان

.

تیرۆری کادرێکی حیزبی دیموکراتی کوردستان له‌ هه‌رێمی کوردستان

به‌ ئاگاداریی بیروڕای گشتی، میدیاکان، و ده‌زگا پێوه‌ندیداره‌کان ده‌گه‌یه‌نین که‌ شه‌وی ڕابردوو سێشه‌مه‌ له‌ سه‌ر چوارشه‌مه‌ ٦له‌سه‌ر ٧ی مارسی ٢٠١٨، (١٥ له‌ سه‌ر ١٦ی ڕه‌شه‌مه‌ی ١٣٩٦)، هاوڕێ قادر قادری، کادر و فه‌رمانده‌ی لێوه‌شاوه‌ی حیزبی دیموکراتی کوردستان که‌ به‌ ماشێنی خۆی به‌ سه‌ردانێک چووبووه‌ مێحوه‌ری بالیسان_چوارقوڕنه‌، به‌ داخه‌وه‌ دره‌نگانی شه‌و ده‌درێته‌ به‌ر ده‌سڕێژ و ته‌رمه‌که‌ی که‌ زیاتر له‌ ٢٠ گولله‌ی وێ كه‌وتووه‌، له‌ ده‌وروبه‌ری ماشێنه‌که‌ی له‌ نزیک گوندی “هه‌رته‌لێ”‌ دۆزراوه‌ته‌وه‌. ده‌رده‌که‌وێ که‌ ناوبراو له‌ ده‌ره‌وه‌ی ماشێنه‌که‌ی ده‌سڕێژی لێ کراوه‌. ته‌رمه‌که‌ی له‌ لایه‌ن پۆلیس بۆ نه‌خۆشخانه‌ی ڕانیه‌ ڕاگوێزراوه‌ و لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ ڕووداوه‌که‌ هه‌م له‌ لایه‌ن پۆلیس و هه‌م له‌ لایه‌ن ده‌زگای ئه‌منیه‌تی حیزبی دیموکراتی کوردستانه‌وه‌ ده‌ستی پێ کردوه‌.
به‌ سه‌رنجدان به ڕابردووی درێژی تێکۆشانی قادر قادری له‌ حیزبی دیموکراتی کوردستاندا و به‌ ئاگاداری له‌وه‌ که‌ ئه‌و کادره‌ ناسراوه‌ی حیزبی دیموکڕات کێشه‌ی شه‌خسیی له‌گه‌ڵ هیچ که‌س و لایه‌نێک نه‌بووه‌، هه‌ر وه‌ها به‌ وه‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و ڕاستییه‌ش که‌ کۆماری ئیسلامی له‌ دوو ساڵی ڕابردوودا، چه‌ندین پیلانی تیرۆریستیی له‌ هه‌رێمی کوردستان له‌ دژی بنکه‌کان و تێکۆشه‌رانی کوردی ڕۆژهه‌ڵات به‌ڕێوه‌ بردوون، ئێمه‌ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و به‌کرێگیراوه‌کانی به‌ ئه‌نجامده‌ری تێرۆری ئه‌و تێکۆشه‌ره‌ی حیزبمان ده‌زانین.
وێڕای به‌داخبوونمان له‌ شه‌هیدبوونی ئه‌و تێکۆشه‌ره‌ به‌ وه‌جه‌ی حیزبی دیموکرات و هاوخه‌میمان له‌ گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ و هاوسه‌نگه‌رانی، زانیاریی زیاتر له‌ باره‌ی ڕووداوه‌که‌، هه‌ر وه‌ها له‌ سه‌ر ژیان و تێکۆشانی شه‌هید قادر قادری، نوێترین قوربانیی تیرۆریزمی کۆماری ئیسلامی، له‌ به‌یاننامه‌کانی داهاتوودا به‌ ئاگاداریی بیرورای گشتی ده‌گه‌یه‌نین.
سکرتاریای
حیزبی دیموکراتی کوردستان
پێشنیوه‌ڕۆی ٠٧/٠٣/٢٠١٨

،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،
مەڕۆ كاكە، مەڕۆ

داخەكەم دیسان چەقۆی نێو ماڵی خۆم
دای لە چاو و شاپەڕ و شاباڵی خۆم
دڕوەڵان لۆمەی گوڵی نێو باخ ئەكەن
بەردی داوێن تف لە لووتكەی شاخ ئەكەن
دەسكی تەوری دی، دەگریا پیرە دار
تۆ لە خۆمی بۆچی من دەبڕی گەمار
كرمی نێوخۆمە رەگ و ریشەی بڕیم
دەفتەری ژینی بە جاری لێ دڕیم
*** 
ئێستە هەڵگوردیش سەری گرتۆتە تەم
پیرە شاهۆشم پەشێوە و دڵ بەخەم
دەشتی لاجان و شنۆ گشت چاوەڕێن
پۆلە پێشمەرگەم بەرەو وێ داگەڕێن
تاسەبارن بەرد و داری رێگەكان
ببنە سایە و سەنگەری پێشمەرگەكان
بۆتە كێبەركێ لە نێوان دار و بەرد
بۆتە خۆڕانان لە نێوان شاخ و هەرد
ئەم دەڵێ پێشمەرگە پێی نا سەر سەرم
ئەو دەڵێ من رۆژی رەش بۆی سەنگەرم
ئەم دەڵێ من سێبەرم بۆ رادەخست
ئەو دەڵێ لووتكەم لە حاندی دادەخست
نیشتمان ئێستاش بە تاسە و حەژمەتە
چاوەڕێیە هەڵكەوێ ئەم دەرفەتە
چاوەڕێن فەرماندە قادر قادری
قارەمان و سیمبولی خۆڕاگری
شاهەڵۆی لووتكەی ورە و ئازایەتی
سەرنموونەی باوەڕی كوردایەتی
رۆڵە ئازاكەی خەباتی بێبەشان
بێتەوە مەیدانێ گورج و چەك لەشان
*** 
كاكە گیان، تۆ وا بەلەز بۆ كۆ دەڕۆی
بەو شەوی ئەنگوستەچاوە بۆ دەڕۆی
بۆ دەكەی گاڵتە و قومار بەگیانی خۆت
كەمتیار بۆسەی لە رێ داناوە بۆت
بۆ دەڕۆی وا بێخەم و كەمتەرخەمی
بۆ وەها لەو رێوییە خاترجەمی
تۆ كە فتوای پیرە شەیتانت لەدوون
باش دەزانی دوژمنت بێ ئابڕوون
ئەو كەسەی فارس و تورك بێ دوژمنی
چۆن دەبێ بێ ترس و خەم بێ خەوتنی؟
تورك و فارس هەر تەڵەو داو دادەنێن
خۆ بە مێژووی دروسكراویان رادەنێن
ئەودەمی زۆر دۆستی تۆن، ژەهرن، دژن
ترسنۆك و بێڕەوشت، میوانكوژن
كوردزمانی خۆفرۆشیش دێنە پێش
دەتخەنە نێو داوی، دەبنە گورگەمێش
نیشتمان لێم مەگرە من زۆر دڵپڕم
وا بڵێسەی دێ هەناوی پڕ گڕم
چاوی شیعر و دەستەواژەم خوێندەڵێن
هەر سروودی تۆڵە، تۆڵەم بۆ دەڵێن
چونكە ئەم سووتمانە دنیاداگرە
چاری ئەو تۆفانی سووری ئاگرە
تۆڵەیە هەر تۆڵەیە حاوانەوەی
تۆڵەیە دەرمانی دامركانەوەی
تا لەسەر تەرمی خیانەتكاری زۆڵ
هەڵنەپەڕم و لێنەدەم زوڕنا و دەهۆڵ

تاكوو تۆڵەی خوێنی ئاڵ نەستێنمەوە
شیعری پڕ تین بۆ گەلم ناخوێنمەوە

رەسووڵ