جەماڵ ئەکبەری

خه‌ڵکی : کورە – سەلاسی باوەجانی

له‌ دایکبووی : کەمپی ئەڵتاش 1986

کاتی شه‌هیدبوون : 2018.09.08

شوێنی شه‌هیدبوون : قەڵا

شوێنی گڵکۆ : کۆیە

چۆنیه‌تیی شه‌هیدبوون : مووشەک باران

پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان

بۆ شەهید جەماڵ ئەکبەری!
بۆ شەهیدێکی کە گەوزیوە لە نێو خوێن دەگریم
بۆ هەڤاڵێکی کە چوو بێ سەر و بێ شوێن دەگریم
بۆ هەموو پیر و جوانێکی لەسەر کوردستان
چوونە بن دارێ بەبێ وەی کە بشلوێن دەگریم
مامۆستا هێمن
بۆ یەکەم جار ساڵی ۲٠۱٤ ی زایینی لە گەڵ گەنجێکی ڕوح سوکی خوێن شیرین و تا بڵێی کۆمەڵایەتی و لە نێو دڵاندا ئاشنا بووم.
ئەو پێشمەرگەی حیزبی دێموکڕات بوو ڕووی لە وڵاتی کانادا کردبوو کە لەو سەری دونیایە هەڵکەوتوە و لە شارێکی خۆش و بە ڕواڵەت دڵ ڕفێن و پر لە ئیمکاناتی ژیان واتا ڤانکۆڤێر گیرسابۆوە، بەڵام بۆ شەهید جەماڵ هیچ یەک لەو تایبەتمەندیانەی نەبوو لە بەر ئەوەیکە ئەو تەنیا بە جەستە ڕووی کردبوە ئێرە ، بەڵام لە ڕاستی دا بە ڕوح و گیان دڵی لە قەڵای دێموکڕات لای هاوڕێ و هاوسەنگەرە پێشمەرگەکانی لە حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بوو.
دوای ماویەکی کورت مانەوە لە وڵاتی کانادا و دووری لە کۆڕی سادە و گەرم ، بەڵام پڕ مانا و بە نرخی لاوانی تێکۆشەری دێموکڕات ئاراو و قارای لێ هەڵ گرتبوو ، ئیدی هەموو خۆشیەکانی ئەم وڵاتە خۆشەی لا تاڵ بوو ئەخەر ناحەقی نەبوو ئەو دڵی بۆ ئەو جێگایەی لێ دەدا کە بوون لەوێ شانازی ناوی پیرۆزی پێشمەرگەی پێ دەبەخشی بۆیە بڕیاری گەڕانەوەی بۆ قەڵای دێموکڕات دا. زۆرم داوا لێ کرد کە ئەم بڕیارە دوا بخات تا دەبێتە هاوڵاتی وڵاتی کانادا بەڵام سودی نەبوو چوون لای شەهید جەماڵ قەڵای دێموکڕات و ناو کۆڕی خەبات گێڕانی هاوڕێی هەموو دونیا بوو.
ئەم بڕیارەی بردە سەر و خۆی لە ئامێزی دایکی نیشتیمان و قەڵای دێموکڕات جێ کردەوە هەر کە قسەم لە گەڵ دەکرد هەستم دەکرد شەهید جەماڵ دڵی زۆر خۆشە و دەڵێی دونیای هەیە. ئەخر بۆ ئەو هەر وابوو چوون نیشتیمانی خۆیی خۆش دەویست و دێموکڕات و بەرزی ناوی پیرۆزی پێشمەرگە لە ناخی ئەو دا ڕیشەی داکوتابوو و هیچ شتێک نەبوو کە بتوانێ ئەو باوەڕە پیرۆزەی لە ڕیشە بێنیەتە دەر.
ئەو جارێکی دیکە بۆ ماویەکی کاتی هاتوە کانادا و سەردانی بنەماڵەکەی کرد بەڵام ئەو جار داخەکەم دوا دیداری بنەماڵە و خزم و کەسانی و ئێمە هاوڕیانی حیزبی بوو هەر دەت گووت بۆ دوا دیدار گەڕاوەتەوە و بۆ شەهید بوونیش دەڕواتەوە کاتێک کە ماڵ ئاوای لێ کردم گوتی مامە ئەنوەر گیان من وا دەڕۆمەوە بۆ قەڵای دێموکڕات و خۆ من هەر دەمرم کە وابوو با لە پێناو نیشتیمان و وەک پێشمەرگەی دێموکڕات شەهید بم و ئەو سەروەریە بۆ خۆم تۆمار کەم ، هەر واشی کرد ئەو بە تەمەنێکی کەمەوە و بەڵام زۆر بە گەورەیی و سەربەرزیەوە گیانی لە پێناو گەل و نیشتیمان بەخت کرد.
مخابن لە ڕۆژی ۱۷ ی خەرمانانی ساڵی ۱۳۹۷ ی هەتاوی بە هۆیی موشەکبارانی سەرکردایەتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە قەڵای دێموکڕات لە لایەن ڕێژیمی ترۆریستی ئێرانەوە کاکە جەماڵی ئەکبەڕی لاو لە تەمەنی ۳۲ ساڵی دا وێڕای ۱٥ کەس لە ئەندامانی ڕێبەری و کادر و پێشمەرگەکانی دێموکڕات گیانیان بەخت کرد و تێکەڵ بە کاروانی شەهیدانی سەربەرزی گەل بوون. یادی شەهید جەماڵ و گشت شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان بەرز و بەڕێز بێت و ڕێبازیان بەردەوام بێت.
ڕوڕەشی و ڕوخان بۆ ڕێژیمی ترۆریستی پەت و سێدارەی ئێران !
۲٥ سیپتامبەری ۲٠۱۸ی زایینی
ئەنوەر کەریمی