سەلاح عەلی ئەولاد

ناسراو بە : سەلاح باوەجانی

خه‌ڵکی : سەلاسی باوەجانی

له‌ دایکبووی : سەلاسی باوەجانی 1985

کاتی شه‌هیدبوون : 2010.03.28

شوێنی شه‌هیدبوون : کۆیە

شوێنی گڵکۆ : کۆیە

چۆنیەتیی شه‌هیدبوون : رووداو

پلەی تەشکیلاتی : کادر

مەرگی ناوەختی هاوڕێیەكی پێشمەرگە لە رووداوێكی دڵتەزێندا 
بە ئاگاداریی میدیاكان و بیرورای گشتیی دەگەیەنین كە دوانیوەڕۆی یەكشەممە 8 ی خاكەلێوەی 1389، هاوڕێی پێشمەرگە سەلاح عەلی ئەولاد، ناسراو بە سەلاح باوەجانی لە چەند كیلومیتریی شاری كۆیە، لە تەنیشت ئاوایی هەرمۆتە، بەهۆی لافاو گیانی لە دەست دا.
كاك سەلاح عەلی ئەولاد كە لە بەشی خەدەماتی حیزب، كاری شۆفیریی دەكرد، لەگەڵ پێشمەرگەیەكی دیكە لە كاتێدا بە ماشێن لە ئاو دەپەڕێتەوە، دەكەونە بەر تەوژمی لافاوەكەو ماشێنەكەیان وەردەگەڕێ. 
نەفەری دووهەم لە مەرگ دەربازی دەبێ، بەڵام بەداخەوە لافاو گیانی هاوڕێ سەلاح دەستێنێ و تەرمەكەشی لەگەڵ خۆی دا دەبا، كە دیارە تەرمەكەی بۆ بەیانیی رۆژی دواتر و چەند كیلومیتر دوور لە شوێنی رووداوه‌که‌ دۆزرایەوە.
سەلاح عەلی ئەولاد، ساڵی 1364ی هەتاوی لە بنەماڵەیەكی زەحمەتكێشی خەڵكی سەلاسی باوەجانی لە دایك ببوو. تا پۆلی 2ی ناوەندی خوێندبوو. ساڵی 1386 هاتبۆ ریزی پێشمەرگەكانی حیزبی دێموكراتی كوردستان. لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا لە ناوەندی یەكی کوردستان، كومیتەی ئەمنییەت و بەشی خەدەمات كاروباری حیزبیی بەڕێوە بردبوو.
سەلاح عەلی ئەولاد پێشمەرگەیەكی بە بیروباوەڕ، بە نەزم و ئەركناس بوو. كارو ئەركی پێ سپێردراوی خۆی بەو پەڕی دڵسۆزییەوە بەڕێوە دەبرد. هەڵسووكەوتی لەگەڵ هاوڕێیانی و لەگەڵ خەڵك دا جوان و ژیرانە بوو. هەربۆیە ببووە خۆشەویست و جێگای رێزی هەموو هاوڕێیانی.
مەرگی ناوەختی هاوڕێ سەلاح عەلی ئەولاد، بووە مایەی خەم و پەژارەی تێكڕای تێكۆشەرانی حیزبی دێموكراتی كوردستان.
ناوەندی راگەیاندنی حیزبی دێموكراتی كوردستان بەم بۆنەیەوە هاودەردی و سەرەخۆشیی قووڵی خۆی بە بنەماڵەی هاوڕێی جوانەمەرگ سەلاح عەلی ئەولاد، خەڵكی سەلاسی باوەجانی و تێكڕای تێكۆشەران و ئەندامانی حیزب رادەگەیەنێ.
بەرێز بێ یادی هاوڕێی بەنرخ سەلاح عەلی ئەولاد.
ناوەندی راگەیاندنی
حیزبی دێموكراتی كوردستان
2010.03.29
………………………….
لافاوی مەرگ

دەڵین مەگری چۆن دەبێ
چۆن ئەو زامە کۆن دەبێ
بۆ دێوی گەردوون و گەرد
لێم ئەدا و دەمکا بە بەرد
دڵم خۆش بوو بە وەرزێ
کە قەت دڵ لێی نەله‌رزێ
گوتم وەرزی ڕابوونە
مژده‌ بێ “ئاسۆ ڕوونە”
هەیهام دەکرد لە بەهار
بخه‌مڵێنه‌ جۆ و جۆبار
گوتم گوڵ ڕاپەڕیوە
سینگی باخی دڕیوە
ئیتر ئەمساڵم خۆشە
بەهارە عەیش و نۆشە
هێشتا جێژنانەی بەهار
ده‌چوو له‌م‌شار بۆ ئه‌و شار
کە شەماڵ و مانگە شەو
گەلیان هەڵدەستاند لە خەو
دەیانگوت هەستن هەستن
چۆن بە بۆنی گوڵ مەستن
بۆ نازانن خەزانە
گوڵ وەرانی نەزانە
ئەمڕۆ شەختە و کڕێوە
دیاریی داوه‌و به‌ڕێوە
لە نێو لافاوی سوورا
لە زێدی بێ سنوورا
ئاوات و ئامانج گلان
جووکە بڕا لە بلبلان
چەند شەپۆلی بێ‌شەرم
دایانە خوێنی گەرم
بۆ نه‌گبه‌تی گوڵم چوو
گگیان و دیدە و دڵم چوو
پێشمەرگەی وەڵاتم چوو
هاوڕێ و هاوخەباتم چوو
هاوڕێی گریانم بوو ئەو
بۆ بە گریان چۆ دەخەو
هەستە ئازیزی دڵم
بۆ مه‌رگت دڵ‌به‌کوڵم
هەستە کەی کاتی خەوە
کاکە گیان پێشم کەوە
دەڵێن دایە لێرەیە
خۆرە یان ئەستێرەیە
ئاخر دایکی پێشمەرگە
تیشکی هەتاوی بەرگە
بۆچی خەوتووی ئەی هەڤاڵ؟
مردی؟ دەک زمانم لاڵ
نا نا دەڵێم درۆیە
کوا وه‌ختی ڕۆڵه‌ ڕۆیە
یانی قەدەر ئاوایە
نەبینی ماڵ و دایە
ئەرێ هۆ پیرە قەدەر
لەم خاکە بۆ ناچیە دەر
هەتا کەی ڕۆڵەکانم
سەربازی تۆڵەکانم
بڵێن قەدەر ئەستاندی
تیژ باڵێ بوو وەستاندی
ئەی ڕەشماڵی بێ خێمە
نه‌یەوە ئەم هەرێمە
جارێکی دی لێرەکە
تۆ گوڵ‌بژێرێ مەکە
هێندە چاکان مەستێنە
هەر خۆت خۆت بوەستێنە
بوەستە تا بزانی
چەندە قەدرنەزانی
ئەو گوڵەی تۆ ڕفاندت
ئەو دڵەی تۆ ته‌زاندت
ئەوە گوڵی گەلێ بوو
ئەوە دڵی مەلێ بوو
جەرگی دایکێکت سووتاند
چاوی لانکێکت نووقاند
سەنگەرێکت کرد بە تاڵ
شیرناییت پێ‌کردین تاڵ
ئیتر قەت مەگەڕێوە
مەبە شەختە و کڕێوە
دڵان پڕ مەکە لە خوێن
دایکان مەکە مل‌بەکوێن
ئەسرینمان پێ مەڕێژە
ڕێگامان زۆر درێژە
تۆ هەر کەست بردوە
پێت وا نەبێ مردوە
ئەوانە قەت نامرن
ڕۆڵەی کڵپەی ئاگرن
بە تیر کوژران نەمردن
بە پەت خنکان نەمردن
بە گڕ سووتان نەمردن
تیرۆر کران نەمردن
بە تۆش مردن، نەمردن
نامرن ڕۆڵەی کوردن
کاتێ کورد دێتە نەمان
کە دامرکێ خه‌باتمان
نامرن ڕۆڵەی نیشتمان
سه‌ربه‌رزین بۆ گشتمان
عەهدێ بێ بۆ هەمووتان
بە ئاڵا دێین لە دووتان
شەهید سڵاو لە باڵات
هەر زیندوون بیر و ئاڵات

شینگێڕی بۆ هاوڕێم شەهید سەلاح عەلی ئەولادی..

ئاسۆ خەبات